بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تاوان یان خیانەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات

ڕەسمی کارتی نیشتەجێ بوونی بێهزاد خوسرەوی که ڕادەستی ئێران کرایەوه
تاوان یان خیانەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات
posted onSeptember 7, 2024
noبۆچوون

ئاڤاتودەی بەڵگەنامەی دەستکەوتووە کە ئیدیعای هێزەکانی ئاسایشی یەكیەتیی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری دیپۆرتکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی، چالاکی سیاسی و پەناخوازی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پووچەڵ دەکەنەوە.

میدیاکانی پێوەندیدار بە ئاسایشی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بێهزاد خوسرەوی بە هۆی تەواوبوونی ماوەی مانەوە و لەسەر داوای ئەو، ڕادەستی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە.

هاوکات بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارتی ئیقامەی ناوبراو بۆ زیاتر لە سێ مانگ و تا ناوەڕاستی دسامبری ٢٠٢٤ کارا بووە.

هەروەها لە کاتێکدا کە میدیاکانی ئاماژەپێکراو بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بێهزاد خوسرەوی هیچ چالاکییەكی سیاسی نەبووە، بەڵام چالاکوانێکی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە بە فەرمی لە ژێر پاراستنی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەنابەر بووە.

ئەم خیانەته گەورایەی جارێکی دیکه ئەو ڕاستییەی سەڵماندووه که یەکیەتیی نیشتمانیی، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە نزیکەوە لەگەڵ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کار دەکات.

بێهزاد خوسرەوی کوڕی عوسمان خەڵکی سەقز، ڕۆژی سێشەممه، شەشی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانەوە بەرەو سنووری باشماخ گوازرایەوە و لەوێشەوە ڕادەستی بریکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا.

جێگای ئاماژەیه ئەو دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی بافڵ تاڵەبانی، دوای ئەوەی پۆستێکی بەرنامەی ڕاستەوخۆی عەلی جوانمەردی، یەکێک له ڕێبەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی بڵاوکردەوە، دەستگیر كرا و ئەشکەنجە درا.

ئاڤاتودەی ئەم خیانەتە ڕوونەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە چەندین جار دووبارە بووەتەوە ئیدانە دەكات و بافڵ تاڵەبانی بە بەرپرسیاری ژیانی بێهزاد خوسرەوی دەزانێت و داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەرامبەر بە كردەوەی نامرۆڤانەی بافڵ تاڵەبانی و مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازانی سیاسیی کوردی ئێران كە چەندین جار دووبارە کراوەتەوە، کاردانەوەی هەبێت.

چوار ساڵ لەمەوبەر مستەفا سەلیمی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی سەقز هەڵاتبوو، لەلایەن یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانی عێراقەوە دەستبەسەر و ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرا و دوای ئەوە ڕێژیمی ئێران لەسێدارەی دا.