بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خۆکوژی گەنجێکی ئیلامی دوای بانگکردنی له لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی ئتلاتەوه

خۆکوژی گەنجێکی ئیلامی دوای بانگکردنی له لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی ئتلاتەوه
کومەیل زەندخانی
posted onFebruary 8, 2024
noبۆچوون

کومەیل زەندخانی، لاوی کوردی خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان ١٤٠٢ هەتاوی، چەند کاتژمێر دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو ساڵی ڕابردووش دوو جار دەستبەسەرکرابوو و بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە سەرکەوتوو نەبوو.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ، کومەیل زەندخانی (محەممەد کومەیل) لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ئیلام لە شوێنی ژیانەکەی لە گەڕەکی ئازادی لە بینایەکی ٦ قاتەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دەگوترێ خۆکوشتنی کومەیل دوای بانگکران و لێپرسینەوە و هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لەو مێرمنداڵە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕوویداوە."

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکراوە و دوایین جار هەڕەشەی لێکرابوو کە ئەگەر خۆی ڕادەست نەکات دەستبەسەر دەکرێتەوە.

 به پێی هەواڵی گەیشتوو به آواتودەی، تەنیا دوو کاتژمێر دوای خۆکوشتنی کومەیل زەندکەریمی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەرمی ناوبراویان لەگەڵ مۆبایلەکەی ڕفاندووە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی بەڵێن لە بنەماڵەکەی لەسەر میدیایی نەکردنەوەی ئەو ڕووداوە، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

شایەنی باسە کە مۆبایلی کومەیل هێشتا لە دەست هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە و بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەندخانی ڕاگەیاندووە کە: "ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی پێشوو هەڕەشەیان لە کومەیل کردبوو کە ئەگەر لەگەڵیان هاوکاری نەکات، بەرپرسیاریەتیی کوژرانی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت لە ئیلام و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە ئەستۆی ئەو دەخەن و بنەماڵەکەشی دەبێت تێچوویەکی زۆر بدەن و هەر ئەوە بووەتە هۆکاری خۆکوشتنی کومەیل."

شایەنی باسە کە کومەیل زەندخانی مانگی ڕێبەندانی (فێبریوەری) ساڵی ڕابردووش دوای ئازادبوون و ئەشکەنجەدرانی لە ڕەوتی دەستبەسەربوونەکەیدا، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.

کومەیل زەندخانی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا لە ڕێکەوتی یەکی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی دەستبەسەرکرا و دوای چەند ڕۆژ بەدانانی بارمتە ئازادکرابوو و بۆ جاری دووهەمیش لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ی کوردی دەستبەسەرکرا و دوای ١٩ ڕۆژ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدان تەرمی نیوە گیانی لە بەرانبەر درگای ماڵی دایک و باوکیدا داندرابوو.

چاودێرانی مافی مرۆڤ ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی دەستبەسەربوونی محەممەد کومەیل زەندخانی، هەر شەو یەکێک لە هێزە حکومەتییەکان بە جلی ئاخوندەوە هۆشدارییان پێدەدا کە بە زووترین کات لە سێدارە دەدرێت و گوشارێکی دەروونی زۆرییان لەسەر ئەو مێرمنداڵە خستبوو.