وەزیری دەرەوەی بەحرەین: مانگی داهاتوو وڵاتانی دونیا بۆ دانووستان لەسەر قەیرانە ئەمنیەتییەکان و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وەرشۆ کۆ دەبنەوە.
خالید بن ئەحمەد گووتی: مانگی داهاتوو لە وەرشۆ سەبارەت بە تیرۆریزمی فرە ڕەهەندى ئێران قسە دەکەم. بن ئەحمەد لە پەیامێکدا گووتی "مانگی داهاتوو دونیا لەمەڕ قەیرانی ئەمنی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ دەبێتەوە و من وێرای ئەوەی بە باشی گوێ دەدەمە ئەو قسانەی دەکرێن، لە هەمان کاتیشدا سەبارەت بە تیرۆریزمی فرە ڕەهەندى ئێران قسە دەکەم".
شایانی باسە ئەمریکا و لهێستان (پۆڵەندا) بە هاوبەشی، ڕاگەیێنرواێکیان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی چەند دانیشتنێک لە لهێستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاشتی و ئەمنیەت لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپەرچدانەوەی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتان بڵاو کردەوە. ڕاگەیێندراوی هاوبەشی ئەمریکا و لهێستان لە درێژەدا باس لەوە دەکات ئەو دانیشتنانە لەسەر کۆمەڵێک پرسی وەک، تیرۆریزم، بناژۆخوازی، پەرەدان بە سیستەمی موشەکی و ئەمنیەت و بازرگانی و بازرگانی دەریایی و هەڕەشەی گرووپە دەستکردەکانی ئێران لە ناوچەکەدا باس دەکرێن.