بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان خوازیارى هەڵوەشانەوەى حوکمى زارا محەمەدییە

یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان خوازیارى هەڵوەشانەوەى حوکمى زارا محەمەدییە
AvaToday caption
posted onJuly 20, 2020
noبۆچوون

زارا محەمەدى، مامۆستای  زمانی کوردی و بەرپرسی فەرهەنگی ئەنجوومەنی نۆژین لە شارى سنە، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا دەستبەسەر و ماوەیەک زیندانى کرا، بەم تازەییانە بەتاوانی فێرکردن و وتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵان، ١٠ ساڵ حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە و هەر ئەمەش ناڕەزایەتییەکى گەورەى نایەوە لە نێو ڕۆژهەلات و ئێران و هەموو دونیا و تەنانەت زریانى تویتەرى (‏#ExonerateZara) بۆ ڕێکخرا و لە هەموو شوێنێکەوە پشتگیرى لێ کرا تا حوکمەکەى هەڵوەشێتەوە.

 

هەر لەم چوارچێوەیەدا یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان بەیاننامەیەکى بۆ پشتیوانى لە زارا محەمەدى بڵاو کردەوە و تیایدا داواى کردووە کە پێداچوونەوە بە حوکمەکەیدا بکرێت. ئەمەى خوارەوەش دەقى بەیاننامەکەیە:

 

خوایە وەتەن ئاوا کەی

چەن دڵگیر و شیرینە

دەشتی خۆش و ڕەنگینە

بەپێ بنەمای ١٥ى یاسای بنەڕەتی کۆماری ئێسلامی ئیران، تەدریس و فێرکردنی زمانی دایکی، یاسایی و ڕێگە پێ دراوە. زارای محەمەدی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی، چالاکی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی ئەنجام داوە. تاوانی مامۆستا زارا، پارێزگاری لە زوانی دایکی بووە و ئەمە ئەرکی هەر تاکێکە کە پارێزگاری لە زوانی دایکی خوی بکات. کەوابێ هەموو تاکێک چ کورد، چ تورک، چ عەرەب...لە ئێران کە زمانی دایکی خۆی ئەپارێزی، تاوانبارە!!

یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان (انجمن صنفی معلمان کردستان)، یەکێک لە سەرەکیترین داخوازییەکانی، جێبەجێکردن بنەمای ١٥ى یاسای بنەڕەتی لە قوتابخانەکان بووە. و لەسەر ئەم داخوازییە پشتیوانی خۆی لە زارا محەمەدی وەک مامۆستای زمانی کوردی دەردەبڕێ و خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی زیندانییەکەى و پێداچوونەوەیە بەو حوکمە.

 

 یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان (انجمن صنفی معلمان کردستان)

٣٠ى پووشپەڕ ١٣٩٩