زارا محەمەدى، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی فەرهەنگی ئەنجوومەنی نۆژین لە شارى سنە، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا دەستبەسەر و ماوەیەک زیندانى کرا، بەم تازەییانە بەتاوانی فێرکردن و وتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵان، ١٠ ساڵ حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە و هەر ئەمەش ناڕەزایەتییەکى گەورەى نایەوە لە نێو ڕۆژهەلات و ئێران و هەموو دونیا و تەنانەت زریانى تویتەرى (#ExonerateZara) بۆ ڕێکخرا و لە هەموو شوێنێکەوە پشتگیرى لێ کرا تا حوکمەکەى هەڵوەشێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان بەیاننامەیەکى بۆ پشتیوانى لە زارا محەمەدى بڵاو کردەوە و تیایدا داواى کردووە کە پێداچوونەوە بە حوکمەکەیدا بکرێت. ئەمەى خوارەوەش دەقى بەیاننامەکەیە:
خوایە وەتەن ئاوا کەی
چەن دڵگیر و شیرینە
دەشتی خۆش و ڕەنگینە
بەپێ بنەمای ١٥ى یاسای بنەڕەتی کۆماری ئێسلامی ئیران، تەدریس و فێرکردنی زمانی دایکی، یاسایی و ڕێگە پێ دراوە. زارای محەمەدی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی، چالاکی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی ئەنجام داوە. تاوانی مامۆستا زارا، پارێزگاری لە زوانی دایکی بووە و ئەمە ئەرکی هەر تاکێکە کە پارێزگاری لە زوانی دایکی خوی بکات. کەوابێ هەموو تاکێک چ کورد، چ تورک، چ عەرەب...لە ئێران کە زمانی دایکی خۆی ئەپارێزی، تاوانبارە!!
یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان (انجمن صنفی معلمان کردستان)، یەکێک لە سەرەکیترین داخوازییەکانی، جێبەجێکردن بنەمای ١٥ى یاسای بنەڕەتی لە قوتابخانەکان بووە. و لەسەر ئەم داخوازییە پشتیوانی خۆی لە زارا محەمەدی وەک مامۆستای زمانی کوردی دەردەبڕێ و خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی زیندانییەکەى و پێداچوونەوەیە بەو حوکمە.
یەکیەتی مامۆستایانی کوردستان (انجمن صنفی معلمان کردستان)
٣٠ى پووشپەڕ ١٣٩٩