ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو ئیتلاعاتى سەقز، "محەمەد ساڵح شەکەری" کە مامۆستای بەشی ناوندی (راهنمایی)ـى ئاموزش و پەروەرشی شارى سەقزە، لەگەڵ خوشکەزاکەی (ئازاد ساڵحیان)، بە بێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا ئیتلاعاتى شارەکە بۆ بنەماڵەى هەردوو گیراوەکەى ئاشکرا نەکردووە کە بۆچى گرتوونى، سەرچاوەیەکیش لە شارى سەقزەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت کە "ئەم دوو گیراوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شارى سەقز ڕاگیراون و بنەماڵەی ئەو دوو بەڕێزە هیچ هۆکارێک نابینن بۆ دەسبەسەرکردنى محەمەد و ئازاد و بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکى لەم بارەوە نەداوە و نادەن".
ئاڤاتودەى ئەوەشى زانیوە کە بنەماڵەکەى هەردوو دەستبەسەرکراوەکە "ترسی ئەوەیان هەیە لە ژێر بێدەنگی میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا، ئەشکەنجە بدرێن".
شایەنى باسە کۆمارى ئیسلامى لە ماوەى ڕابردوو و پاش گەمارۆ ئابوورییەکان دەستى بە ڕەشبگیرێک کردووە لە نێو چالاکڤانان و زۆر کەسیش لەو نێوەندەدا بێ گوناه دەستبەسەر کراون و ئەشکەنجە دراون تا ترس و تۆقین لە نێو خەڵک دروست بکەن.
ئازاد ساڵحیان و محەمەد ساڵح شەکەری