رفتن به محتوای اصلی

دیوانى باڵاى وڵات: هیدایەت عەبدوڵاپوور لە سێدارە دەدرێت

دیوانى باڵاى وڵات: هیدایەت عەبدوڵاپوور لە سێدارە دەدرێت
پێشتر خودى هیدایەت و پارێزەرەکەى ئەوەیان گوتووە کە دەستى بۆ چەک نەبردووە
posted onOctober 9, 2018
noدیدگاه

هیدایەت کە بە تۆمەتى شەڕ و تێکهەڵچوون لە شنۆ دەستبەسەر کراوە، پێشتر لە ساڵى ٩٥ لە لایەن دادگاى ئینقیلابی ورمێ حوکمى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپا و پاش ڕەتکردنەوەى حوکمەکە لە دیوانى باڵاى وڵات و گەڕاندنەوەى پەروەرندەکەى بۆ شوعبە، دووبارە بە لەسێدارەدان مەحکوم کرایەوە.

حوکمى هیدایەت عەبدوڵاپوور کە لە ٢٦ى جۆزەردانى ١٣٩٥ى هەتاوى لەگەڵ شەش کەسى دیکە (ڕەسوڵ عەزیزى/ ٢٥ ساڵ زیندان، محەمەد زاهیر فەرامەرزى/ ٢٠ ساڵ زیندان، جەلال مەسروورى/ ١٥ ساڵ زیندان، کەمال مەسروورى/ ١٠ ساڵ زیندان، یەعقووب باکەرەم/ ١٥ ساڵ زیندان، سەدیق باکەرەم/ ١٠ ساڵ زیندان)، پاش تێکهەڵچوون و شەڕە تەقە لە گوندى "قەرەسەقەل"ـى شنۆ، دەستبەسەر کرا. دواجار لە لایەن دیوانى باڵاى وڵاتەوە بە پارێزەرەکەى ڕاگەیێندراوە.

بە پێى هەواڵى ناوەندى خەبەرى کۆمەڵگەى چالاکانى مافى مرۆڤ لە ئێران، حوکمى ئیعدامى هیدایەت عەبدوڵاپوور لە زیندانى ناوەندى ورمێ، لە لایەن شوعبەى ٤٧ى دیوانى باڵاى وڵات پشتڕاست کراوەتەوە. حوسەین ئەحمەدى نیاز پارێزەرى عەبدوڵاپوور پاش پشتڕاستکردنەوەى ئەم هەواڵە باسى لەوە کردووە "دووشەممە ١٦ى ڕەزبەر بە باوکى عەبدوڵاپوور و بەندەیان گوت کە حوکمى لەسێدارەدانەکەى لە شوعبەى ٤٧ى دیوانى باڵاى وڵات پشتڕاست کراوەتەوە".

پێشتر خودى هیدایەت و پارێزەرەکەى کە پارێزەرى ڕامین حوسەین پەناهیش بوو و لەسێدارەش درا، ئەوەیان گوتووە کە دەستى بۆ چەک نەبردووە و لە کاتى تێکهەڵچوونەکە چەکى پێ نەبووە و پارێزەرەکەى دەڵێت "هیدایەت بە ناچارى خراوەتە نێو ئەم شەڕەوە و هیچ زانیارییەکى لەسەر بابەتەکە نەبوو".