محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەوڕۆ یەکشەمە ٨ی بانەمەڕ لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەک لە تاران لە نێو ئاپۆرای ڕۆژنامەنووسان گووتی: ئەگەر بڕیار بێ و نەوتی ئێمە لە گەرووی هورمز تێنەپەڕێ، بە دڵنیاییەوە نەوتی کەس لێرە تێناپەڕێت.
محەمەد باقری لە درێژەی قسەکانیدا گووتی نامانەوێت گەرووی هورموز دابخەین، بەڵام ئەگەر دوژمنایەتی دوژمنان بگاتە ئەو ئاستەی کە هیچ ڕێگە چارەیەکی نەمێنێت، ئەوڕۆژە دەتوانین گەرووی هورمز دابخەین. حەوتوی ڕابڕدوو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ بچێتە گەرووی هورمز دەبێ قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە گەرووەکە دەپارێزن واتە سوپای پاسداران.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە قسەکانی زەریف گووتی: لەو بوارەوە دەسەڵاتدارانی پلەبەرز قسەیان کردووە و ئێمە تەنیا جێبەجێکارین. ئێمە دەمانهەوێ ئەمنیەتی گەرووی هورمز بپارێزین و ئەو ئەرکە لەسەر شانی ئێمەیە. باقری لە درێژەی قسەکانیدا گووتی ئەگەر بڕیار بێ کەسێک گەرووی هورمز دابخات بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە.
دوای هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونی کاتی نەوت بۆ هەشت وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکا، دەسەڵاتدارانی ئەو دوو وڵاتە لەمەڕ گەرووی هورمز کۆمەڵێک بۆچوونی جیاوازیان هەبووە. گەرووی هورمز یەکێک لە هەشت گەروو و کەناڵە ستراتژییەکانى هاتوچۆی دەریایی نەوتی دونیا و ڕۆژانە ٥٨ ملیۆن بەرمیل نەوت لەو کەناڵانەوە دەگوازرێتەوە کە پشکی گەرووی هورمز لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژانە ١٧.٤ ملیۆن بەرمیل بووە.
بە واتایەکی دیکە ٣٠ لەسەدی نەوتی دونیا لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت.