رفتن به محتوای اصلی

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینوا لە موسڵ بۆ ئاڤاتودەى: مەترسییەکانى داعش کۆتایی نەهاتووە

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینوا لە موسڵ بۆ ئاڤاتودەى: مەترسییەکانى داعش کۆتایی نەهاتووە
AvaToday caption
سەرەڕاى کۆتاهێنان بەگرووپی داعش لەناوچەى باغووزی سووریا، بەڵام مەترسی جموجۆڵەکانى ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە وڵاتانى ناوچەکە هێشتا ماوە.
posted onMarch 28, 2019
noدیدگاه

 

لەدواى سەرکەوتنەکانى هێزەکانى سووریاى دیموکرات، بەسەر گرووپی داعش، زۆربەى چاودێران و لایەنەکان پرسیاریان لەشوێنى ئەبوبەکر بەغدادی، رێبەرى ئەو گرووپە کە خۆى کردە خەلیفەى موسڵمانان دەکەن، کە ساڵى ٢٠١٤ سەدا ٣٠ خاکی عێراق و سووریاى داگیر کردبوون.

 

لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، لیوا نەجم جەبوری، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینوا لەشارى موسڵ، لەبارەى مانەوەى بەغدادی پێشبینى ئەوەی کردووە "ئەگەرێکى زۆر بچووک هەیە لە ژیاندا مابێت، ئەگەریش زیندوو بێت، ئەوا یاخود بریندارەو، جموجۆڵەکانى زۆر سنووردارە". جەختى لەوەش کردووە "تاکە ئومێدی ئەوەیە بە زیندوو بمێنێتەوە". دەشڵێت " تواناى تەواومان هەیە ئەگەر لەخاکی عێراق بێت، لەرێگەى هەواڵگرییەکانى عێراقی دەستگیر بکرێن".

 

ئەمەش دەقەیەتى:

ئاڤاتودەى: زانیارییەکان باس لەگەڕانەوەى ئەبو بەکر بەغدادی، بۆ سنوورەکانی عێراق  ـ سووریا دەکەن، چۆن دەتوانرێت بدۆزرێتەوە بۆ دەستگیرکردنى یاخود لەناوبردنی؟

نەجم جەبوری: دەزگا هەواڵگری و ئاسایشەکانى عێراق کار لەسەر زانیارییەکانى بەردەستیان دەکەن، گریمانەیەکى زۆریش هەیە لەوەى لەنێوان خاکی عێراق و سووریا خۆى حەشار دابێت و شەوان لەو ناوچەیە جموجۆڵ دەکات. بۆیە هەواڵگرى کار لەسەر زانیارییەکان دەکات بە مەبەستى دۆزینەوەى، بەو هۆیەوەش چەندین تیمی سەربازی گەڕۆکى دروست کردووە بۆ ڕاوەدوونانی.

 

ئاڤاتودەى: سەرەڕاى شکستهێنانى داعش بەڵام جموجۆڵەکانى ئەو گرووپە بەردەوامە، بەتایبەت لەسنوورى رۆژئاواى عێراق، چۆن دەتوانرێت کۆتایی سەربازی بەدوایین شانەکانى گرووپەکە بهێنرێت؟

نەجم جەبوری: بە شێوەیەکى بەردەوام هێرشى ئاسمانى دەکرێتە سەر دوایین شانەکانى ئەو گرووپە، لەپاڵ ئەوانەش دابەزینى ئاسمانى دژیان ئەنجام دەدرێت، جگە لە ئۆپەراسیۆنى لەناکاوی لەسەر زەوی بەرێوە دەچن. لەبارەى جموجۆڵەکانى داعشیشی، قەبە کردنێکى میدیایی زۆر لەبارەى ئەو پرۆسەیە لەناوچەى جەزیرە کراوە، زۆربەى هێزەکانى داعش لەعێراق و سووریا تێکشکێنراون، سەدانیانیش وەک خۆتان بینیتان خۆیان ڕادەست کردەوە. ڕەتی ناکەینەوە، کە چەند گرووپێکیان لەناوچەکانى بیابان لەنێو خۆ کۆچەرەکان خۆیان حەشار داوە، بەڵام ژمارەکانیان گەورە نییە.

 

ئاڤاتودەى: دەکرێت بەشێوەیەکى کۆتایی لەماوەى دوو ساڵى داهاتوو بەتەواوەتى داعش لەناو ببرێت؟

نەجم جەبوری: داعش وەک بزووتنەوە کۆتایی هاتووە، ئەوەى ماوە پاشماوەکانیەتى، بۆیە ئەو گرووپە ناتوانێت خۆى رێک بخاتەوە، پێشبینى ئەوەش ناکەین داعش بگەرێتەوە هەمان قۆناغێکى شکۆمەندی خۆی، ڕەنگیشە رێکخراوێکى دیکە دەربکەوێتەوە، بەڵام داعش کۆتایی هات.

 

ئاڤاتودەى: بەشێک لە پسپۆڕانی سەربازی پێشبینى ئەوەیان کردووە کە بۆ کۆتایی تەواوەتى داعش دوو ساڵی پێ دەچێت، ئێوە پێشبینى کۆتایی هاتنى داعش و پاشماوەکانى دەکەن و، لەهەمان کاتیشدا ریشەکێشى تیرۆر دەکەن بۆ ئەوەى داعش و هاوشێوەیەکانى دووبارە نەبنەوە؟

نەجم جەبوری: پێشبینى دەرکەوتنى هاوشێوەکانى داعش ناکەین، چونکە گرووپەکە تێکشکێنراوەو، گرووپێکى بێ سەرکردەن و، خەڵکانێکى هەڵوەشاوەو سەرلێشوان، تاکە بۆچوونیان ئەوەیە چۆن لەژیاندا بمێننەوە، بەڵام بۆ دەرکەوتنى دەستە خووشکەکانى داعش ئەوە بەستراوەتەوە بەهەماهەنگی نێودەوڵەتى لەو بوارە.

 

ئاڤاتودەى: چی لەبارەى ڕێبەرە هەڵاتووەکانیان هەیە؟

نەجم جەبوری: ڕێبەرەکە هەڵاتووەکەیان هیچ کاریگەرییەکى نییە و بووەتە کەسێکى داواکراو گریمانەیەکى زۆر بچووک هەیە لەوەى لەژیاندا بمابێت، ئەگەریش لەژیاندا بێت، ئەوا بریندارە و جموجۆڵەکانى زۆر سنووردارە، تاکە ئومێدی ئەوەیە لەژیاندا بمێنێتەوە.

 

ئاڤاتودەى: وەک کەسێکى سەربازی، هێزە عێراقییەکان بەتەنیا تواناى دەستگیرکردنى ئەبوبەکر بەغدادیان هەیە، یاخود دەبێت بە هەماهەنگی نێودەوڵەتى ئەو کارە بکرێن؟

نەجم جەبوری: ئەگەر لەسەر خاکی عێراقی بێت، ئەو ئیمکانیەتەمان هەیە، لە ڕێگەى هەواڵگری عێراقی پێشبینى دەکرێت دەستگیر بکرێت، لە هەمان کاتیشدا نابێت هەماهەنگییەکانى لەو پرسە لەبیر بکەن، هاریکاریمان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هەیە، بەتایبەت لەپرسى ئاڵوگۆری زانیاریی و شارەزاییەکان، دەستگیرکردنیشى تەنها پێویستى بە کاتەو هیچی تر. لە ناوچە سنوورییەکانەوە بە شێوەیەکى بەردەوامیش زانیاریی هەواڵگرى و راپۆرت لەلایەن هاووڵاتیان و هاریکارەکانمان پێ دەگات، ئەمەش ڕۆڵێکى بەرچاوى هەیە لە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى پێشوەختە بۆ ڕاوەدوونانى پاشماوەکانى داعش.