رفتن به محتوای اصلی

پزیشکێکی خەڵکی شنۆ دەستگیرکراوە چارەنووسی نادیارە

پزیشکێکی خەڵکی شنۆ دەستگیرکراوە چارەنووسی نادیارە
posted onFebruary 13, 2026
noدیدگاه

 چارەنووسی پزیشکێکی کوردی خەڵکی شنۆ پاش ١٢رۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە نادیاری ماوەتەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی پزیشک و نوخبەی کۆمەڵگە دێت کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمەڵەی ئیسلامیی خوێندکارانی فاکەڵتیی پزیشکیی ددان لە زانکۆی تەورێز رایگەیاند، دکتۆر رێبین مەولوودی، پزیشکی ددان و دەرچووی ئەو زانکۆیە، رۆژی ٣١-٠١-٢٠٢٦ (١١ی رێبەندان) لەبەردەم نۆرینگە تایبەتەکەی خۆیدا لە شاری شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، دکتۆر رێبین بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، ئاشکرا نەکراون.

کەسوکاری ئەو پزیشکە دەڵێن، لەو کاتەوە تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتیان هەبووە و ئێستا لەبارەی بارودۆخی تەندروستییەوە نیگەرانیی جیددییان هەیە.

لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، دەزگا ئەمنییەکان دەیان پزیشک و کارمەندی کەرتی تەندروستییان دەستبەسەر کردووە. زۆربەی ئەم پزیشکانە تۆمەتبار دەکرێن بە پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی بەو خۆپێشاندەرانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار کراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، کردنە ئامانجی پزیشکەکان هەوڵێکی تارانە بۆ پەکخستنی هاوکارییە مرۆییەکان و ترساندنی ئەو کەسانەی پشتگیری لە داواکارییەکانی خەڵک دەکەن.