ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە پزیشکییەکان و کارمەندانی تەندروستی لە ئێران دەکات و داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی هەر جۆرە هەڕەشە، تۆقاندن و دەستبەسەرکردنێکی پزیشکان دەکات.
تێدرۆس ئادهانۆم گێبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی مایەی نیگەرانییان پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن فەرمانبەرانی تەندروستی کراونەتە ئامانج و لانیکەم پێنج پزیشک لە کاتی چارەسەرکردنی بریندارەکاندا دەستبەسەر کراون. گێبریسوس گوتی: "داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ستافە پزیشکییەکان دەکەم؛ کارمەندانی تەندروستی هەرگیز نابێت ڕووبەڕووی تۆقاندن ببنەوە."
بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی خومەینی لە ئیلام و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ لە نەخۆشخانەی سینا لە تاران پشتڕاست کراونەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشەکاندا، زیاتر لە ٥٠ کارمەندی تەندروستی بریندار بوون و زیان لە زیاتر لە ٢٠٠ ئەمبوڵانس و ١٠ بنکەی فریاکەوتن گەیشتووە.
ئەم هەڵوێستەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کاتێکدایە، ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر پزیشکان و پەرستاران دەکەن وەک بەشێک لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتەدا.