رفتن به محتوای اصلی

تاران هۆشداریی "سوپرایزی سەربازی" دەدات و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن دەپچڕێن

تاران هۆشداریی "سوپرایزی سەربازی" دەدات و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن دەپچڕێن
posted onJanuary 14, 2026
noدیدگاه

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و بەردەوامیی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە هۆشدارییان لە هەر جۆرە جوڵەیەکی سەربازی دا و ڕایانگەیاند کە بۆ وەڵامدانەوە ئامادەن. هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن.

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئێران "چەندین سوپرایزی" بۆ هەر دوژمنێک ئامادە کردووە کە هێرش بکاتە سەر خاکەکەی. ئەم لێدوانانەی نەسیرزادە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زمانی هەڕەشەکانی توندتر کردووە و باسی لە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی کردووە.

نەسیرزادە جەختی کردەوە کە ئەگەر هەڕەشەکان ببنە کارێکی کردەیی، ئێران بە تەواوی توانای خۆیەوە و "تا دوا سات" بەرگری دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بەرگرییە تێچوویەکی زۆری بۆ هێرشبەران دەبێت. ناوبراو هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و وتی: "هەر وڵاتێک هاوکاریی هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بکات، لە لایەن تارانەوە وەک ئامانجێکی ڕەوا هەژمار دەکرێت."

وەزیری بەرگریی ئێران باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی توانیویەتی ئەو زیانانەی لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل بەر ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکە کەوتبوون، نۆژەن بکاتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی سەربازییشی زیاد کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئاگادار بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، کە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەمریکا، لە نێوەندی مەترسییەکانی هێرشی سەربازیدا، بە تەواوی ڕاگیراون. بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیە، کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پچڕاون.