
١٧ رێکخراوی مافی مرۆڤ لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، داوای پشتیوانی ئەو دەزگا نێودەوڵەتییانە دەکەن بۆ رزگارکردنی ژیانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی.
ئەو رێکخراوانە داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکیەتیی ئەورووپا کردووە کە هەموو ئامرازە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لە راگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، هەروەها داوایان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بکەن رێز لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بگرن و سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە.
ئەو رێکخراوانە لەو نامەیەدا کە ١٣ی رەشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیان بەوە داوە سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەرچووە و جەختیان کردووەتەوە ئەو سزایانە "نەک تەنها بەئامانجگرتنی ژیانی ئەوانە، بەڵکوو دەستدرێژییەکی بێوێنەیە بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، کەمینەکان و چالاکڤانان لە سەرانسەری جیهاندا."
ئەو کەسانەی کە ئەو نامەیەیان واژۆ کردووە، ئاماژەیان بە بەکارهێنانی "سیستەماتیکی" کۆماری ئیسلامی بۆ سزای لەسێدارەدان وەک "ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن" و "کپکردنی دەنگە رەخنەگرەکان" کردووە و جەختیان کردووەتەوە نابێت ئەو رێکارە "لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ بخرێت."
پەخشان عەزیزی ماوەیەک وەک یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی لە سوریا یارمەتی ژنانی ئێزیدی دەدا کە لە دەست داعش هەڵاتبوون. بەڵام بە گوتەی پارێزەرەکەی، دادوەری قۆناغی تانەلێدان بە "بیانوویەکی هەڵە" کە پەخشان عەزیزی ئەندامی گرووپی داعش بووە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.
دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی هەروەها وریشە مورادیشی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی حکومەتی ئێران" مەحکووم بە لەسێدارەدان کردووە؛ تۆمەتێک کە بە توندی لە لایەن خۆی و پارێزەرەکەیەوە رەتکراوەتەوە.
لە بەشێکی نامەی ١٧ رێکخراوی مافی مرۆڤدا هاتووە: "ئێمە لە جیهانێکی پێکەوە بەستراودا دەژین؛ شوێنێک کە هەر دەنگێک گرینگە و بێدەنگی نابێت جێگرەوە بێت. ئەمە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی ئێمەیە کە بۆ پەخشان و وریشە بوەستینەوە. ئێمە بە بەرگریکردن لەوان، پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤی جیهانی دەکەین کە هەموومان دەپارێزێت."
ناوی ڕێکخراوەکان:
- هاوار هلپ (HÁWAR.help)
- ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
- ئەدابت ئەی ڕوولوشن (Adapt A Revolution)
- ڕێکخراوی بەهاییەکانی ئەڵمانیا (Bahá’í Deutschland)
- ئەنجومەنی ژنانی ئەڵمانیا (Deutscher Frauenrat)
- ئەوروپا واچ (Europa Watch)
- کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ (IGFM)
- لیڤ نو وەن بیهایند (Leave No One Behind)
- دەزگای نرگس (Narges-Stiftung)
- کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان (Kampagne zur Bekämpfung der Todesstrafe)
- ڕێسکوشیپ (RescueShip)
- سی ئای (CI)
- سی واچ (Sea-Watch)
- مانواخه کۆلن (MANWAH e.V. Köln)
- ڕێکخراوی کوردی بۆ بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ (DEFEND HUMAN RIGHTS KURDISTAN e.V.)
- فیکتیمس ئۆف ئۆمیشن (Victims of Omission)
- ئیقاز (Iqaz)