رفتن به محتوای اصلی

کۆنفرانسی زانستیی "زارو بنزارە کوردییەکان" له سلێمانی بەڕێوه دەچێت

کۆنفرانسی زانستیی "زارو بنزارە کوردییەکان" له سلێمانی بەڕێوه دەچێت
پوستری بانگهێشتی کۆنفرانسی زانستیی "زارو بنزارە کوردییەکان"
posted onMarch 9, 2024
noدیدگاه

گروپێک له چالاکوانانی کەلتووری کوردستان بۆ هەستیار کردنی کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت، کۆمەڵگای نوخبەی کوردستان له هەمبەر پیلانەکانی داگیرکەران بۆ جیا کردنی زاراوەکانی لوری و لەکی و هەورامی و زازاکی له زمانی کوردی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و نیشتمانی له سلێمانی بەڕێوه دەبن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواوتودەی، بڕیاره له ڕۆژی شەممه، ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆنفرانسی زانستیی "زارو بنزارە کوردییەکان" له سلێمانی، له هۆڵی داود بەگی جاف، له دەمژمێری ٢ی پاش نیوەڕپ بەڕێوه دەچێت.

فەرەیدوون سامان، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی زانستیی زارو بنزارە کوردییەکان، له شرۆڤەیەک لەسەر ئەم دانیشتنەدا لە لاپەرەی کەسی خۆی له فەیسبووک نووسی: "زمانی کوردی بە چەند هۆکارێکی سیاسی، زەوتکردن و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، مخابن ڕووبەڕووی توانەوەو ئاسمیلاسیۆن بووەتەوە و هێشتاش نەبۆتە زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی کوردستانی گەورە".

فەریدوون سامان ئاماژه به پیلانگیرییەکانی داگیرکەرانی فارس و عەرەب و تورک دەکات و ئاوڕێکی کورت له ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەکەمان دەدات و دەڵێت: "ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو، ئەویش بە حاشاکردن لە کوردبوونی ئیتنیکە کوردییەکانی وەک زازاکی، هەورامی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ڕەسەنایەتی ئیزەدی و شەبەک و کاکەییەکانیش بکەن، دیارە بە بیانووی ئەوەی کە زارەکانیان لە کوردی ناوەند- سۆرانی جیاوازە".

سامان له درێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت: "لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەى زمانی کوردی لە برەودایەو تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانی زیندانی بکرێن تەنانەت لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتووری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکان بکەن لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک ڕەشید یاسەمی و دکتور محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و مەردۆخی سنەیی و ئەمیری حەسەنپوور و ئەوانی دی... هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم زار و بنزارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن".

سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی زانستیی زارو بنزارە کوردییەکان له کوتایی کورته نووسینەکەیدا ئاماژه به ئامانجی بەڕێوه چوونی ئەم کونفرانسە دەکات دەڵێت: "ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسە زانستییە درووستکردنی پردی پەیوەندی فەرهەنگییە بەتایبەتی لە نێوان رۆشنبیران و زمانناسانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا و بە گشتیش لەگەڵ ڕۆشنبیران و زمانناسانی گەلانی فارس و تورک و عەرەب".