رفتن به محتوای اصلی

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى لە رۆژهەڵاتى سووریا پێگەیان بەهێزتر دەکەن

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى لە رۆژهەڵاتى سووریا پێگەیان بەهێزتر دەکەن
AvaToday caption
posted onJanuary 29, 2022
noدیدگاه

بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەیەکى ئەمەریکى " ئێران لەهەوڵى ئەوە دایە لەرۆژهەڵاتى سووریا بەتایبەت لەپارێزگای دێر زووری ستراتیژی پێگەو پاوانخوازییەکانى بەهێزتر بکات و، رکابەرى لەگەڵ رژێمەکەى دیمەشق بکات". رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست) لەدوایین راپۆرتێکى مەیدانیدا باسى لەوە کردووە " تاران لەبواری راکێشانى گەنج بۆ نێو میلیشیاکانى خۆی رکابەرى هێزەکەى بەشار ئەسەد دەکات و، دەیەوێ لەوێوە هێزى خۆى لەناوچەکە دەربخات".

 

لەبەشێکى راپۆرتەکەدا هیما بەوە کردووە " سوپاى سووریا، مانگی رابردوو چەندین نووسینگەى بۆ وەرگرتنى چەکداری نوێ کردۆتەوە، بەڵام ئەوەى جێی سەرەنج بوون، هیچ کەسێک ئامادەى بەشداریی کردن نەبووە لەو پرۆسەیە". بۆیە بەناچاری ئەفسەرانى ئەو سوپایە خەڵکیان لەسەر جادە گرتووە، بۆ ئەوەى ڕازی بن بچنە نێو ریزەکانى سوپاوە، بەڵام هیچ کەسێک بیروکەکەیانى پەسەند نەکردووە.

رۆژنامەکەى ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە " رژێمى سووریا، بەڵێنى بۆ ئەو کەسانە داوە، لەکاتى بەشداریی کردن لەپرۆسەى خزمەتى سەربازی، لێخۆشبوونیان دەربکات و، سەرەتایەکى نوێ بۆ گەنجان دابین بکاتەوە". بەڵام دەستپێشخەرییەکەى لەبەردەم هەنگاوەکانى رژێمەکەى تاران تێکشکاوە، بەتایبەت لەو پارێزگایە، چونکە کۆماری ئیسلامی لەرێگەى میلیشیاکانیەوە جێگرەوەیەکى باشترو سەرەنجراکێشتر پێشکەش کردووە، کە دیمەشق تواناى دابین کردنى نیە".

دەشڵێت " ئێران رۆڵێکى گەورە لەدێر زوور دەگێرێت، لەلایەک سەرکەوتوو بوو، لەراکێشانى دانیشتووانى ئەو ناوچەیە بۆ نێو گرووپە میلیشیاییەکان و، پێشکەش کردنى چەندین خزمەتگوزاری جۆراجۆر کە لەتواناى حکومەتدا نیە پێشکەشی بکات". بەبۆچوونى پسپۆڕانى ئەو رۆژنامەیە " کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت پێگەى خۆى لەو پارێزگا ئیستراتیژییە بەهێزتر بکات و، پارێزگاری لەبەرژەوەندییە هەرێمایەتیەکانى خۆی بکات، تەنانەت بۆ دواى کۆتایی هاتنى شەڕیی ناوخۆیی سووریاش درێژە بەو پرۆسەیە بدات".

تاران جگە لەراکێشانى گەنجان بۆ نێو میلیشیاکانی، چەندین قوتابخانەی تایبەت بەخۆی دروستکردووەو، سەبەتەى خۆڕاکیش دابەشکردووە". لەپاڵ ئەوانەش زۆربەى مزگەوتە سوننیەکانی کردۆتە حوسینیەى شیعەکان، کەبۆ یەکەمجار بانگدانى شیعە لەنێویدا هەڵدراوە. ئەوانەى چوونە نێو ریزەکانى میلیشیا شیعەکان بەرۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان گووتوە " هاوشێوەى چەندین گەنجانی سووری چوونەتە ریزی میلیشیاکانەوە بۆ ئەوەى لەخزمەتی سەربازی هەڵبێن".

هەڵگەڕانەوەشیان لەپێناو بیرێکى مەزهەبی نەبووە، بەڵکو بۆ مووچەو پێداویستیەکانى ژیانیان بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەى بڵاوکراونەتەوە " سوپاى سووریا مانگانە ٢٧ هەزار لیرەى سووری دابەش دەکات، کەیەکسانە بە ٧ دۆلارو پەنجا سەنتە، لەبەرامبەریشدا میلیشیاکان دوو یاخود زیاتر لەو مووچەیە دابەش دەکەن". جگە لەدەوامکردنیان جیاوازیی هەیە لەمانگێکدا تەنها ١٥ رۆژ خزمەت دەکەن، رۆژانى دیکەش ئازادن، بەڵام لەنێو سوپاى سووری تەنها ٥ رۆژ موڵەتیان پێدەدرێت.

ئەوانەى چوونەتە ریزی میلیشیاکانەوە مانگانە لەرێگەى کارتەکانیانەوە سەبەتەى خۆراکی خۆڕایی بەدەست دەهێنن، کەچەندین پێداویستى رۆژانەى تێدایە. سەرەڕاى ئەوەى ئەو میلیشیانە بۆ پاڵپشتى لەرژێمەکەى ئەسەد پێکهێنراون، بەڵام خەریکە رکابەرییەکى مەترسیدار لەگەڵ دیمەشق دەکەن و، لەزۆربەى شوێنەکانى ئەو ناوچەیە بەتایبەت لەرۆژهەڵاتى سووریا دەسەڵاتیان لەسووپاکەى دیمەشق زیاترە.

رژێمى مەلاکانى تاران پلەی یەکەمى بەبەهێزکردنى پێگەى لەپارێزگاى دێر زوور کردووەو، لەنێو ئەو پارێزگایەش لەناوچەى ئەلبوکەمالی ستراتیژی کەسنووری هاوبەشەکە لەگەڵ عێراق، بۆ ئەوەى لەوێوە هێڵى سەربازیی خۆی بپارێزێت.