رفتن به محتوای اصلی

مەلا عەولقادر قادرى دەستى لە تیرۆرى مەلا محەمەد ڕەبیعى هەبووە

مەلاقادر پاوەیی دەستى لە کوشتنى مەلا محەمەد ڕەبیعى هەبووە
AvaToday caption
١١ی سەرماوەز ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی مەلا محەمەد ڕەبیعییە
posted onDecember 2, 2018
noدیدگاه

 

مەلا محەمەد ڕەبیعی کەسایەتی خۆشناوی کرماشان و جوانڕۆ، ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ لە لایەن کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا.

 

پزیشکی دادوەری پارێزگای کرماشان دوای دۆزرانەوەی تەرمی مامۆستا ڕەبیعی، هۆکاری مردنەکەی بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەم دا، بەڵام لایەنگران و خەڵکی کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان ئەوەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند؛ مامۆستا ڕەبیعی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرلەبەیانی ڕفێندراوە و دواتریش کوژراوە.

دوا بەدوای شەهیدکرانی مامۆستا ڕەبیعی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و  شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژانە سەر شەقام و لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونە لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و بریندار بوو.

بە گووتەی سەرچاوەیەکى تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی، لە کرماشان ١١ کەس لە قوتابیانی مامۆستا ڕەبیعی بە دەستڕێژی گووللەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست دا. هەر لەو ناڕەزایەتییانە و دوای ئاگرتێبەردانی بنکەی ئیتلاعات و فەرمانداری و ڕیکخڕاوی ئیرشادی ئیسلامی، چەندین کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی خەڵک کوژران. هەر ئەمەیش هۆکار بوو بۆ حکومەت نیزامیکردنى شارەکان و تەنانەت ٤٠ ڕۆژ لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حکومەت نیزامی ڕاگەیێندرا.

شایانی باسە مەلا عەولقادر قادری پێشنوێژی مزگەوتی جامعی شاری پاوە کە کەسێکی خۆفرۆش و سەر بە دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییە، لە مینبەری مزگەوتەوە و لە کاتی خوتبەدان بۆ ئەوەی تاوانی تیرۆرکردنەکە لە مل کۆماری ئیسلامی بکاتەوە، سوێندی بە قوڕئان خوارد کە کۆماری ئیسلامی مەلا محەمەدی ڕەبیعی نەکوشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێى هەواڵى کەسێکى نێزیک لە ڕەبیعى کە تایبەت بۆ ئاڤاتودەى قسەى کردووە "بەم سوێندخواردنەى مەلا قادر پاوەى، زۆرێکمان بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم پیاوە دەستى هەبووە لە تیرۆرکردنى ڕەبیعى و بە حوکمى ئەوەى مەلا قادر دەسەڵاتێکى گەورەى لە ناوچەکە هەبووە، ئەگەرى دوورە ئاگاى لە پیلانى تیرۆرکردنەکە نەبووبێت و دەستى بەدەر بووبێت".

مەلا محەمەد ڕەبیعی سیمایەکی خۆشناو بوو

 

مەلا محەمەد ڕەبیعی سیمایەکی خۆشناو و لە لای خەڵکی ئەو ناوچەیەی کوردستان خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبوو کە ٢٢ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە پارێزگای کرماشان تێرۆر کرا. تەرمی بێگیانی مەلا محەمەد ڕەبیعی، پێشنوێژی پێشووی سونییەکانی شاری کرماشان، ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، لەسەر شەقامێکی شاری کرماشان دۆزرایەوە.

مەلا محەمەد مامۆستایەکی شارەزا لە ئایین، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر هەژمار دەکرێ. پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەرنامەیەکی ئایینی لە رادیۆ کرماشان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد. ناوبراو  خاوەنی ٣٣ کتێب لە بوارە جیاوازەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبییە. دوای شۆڕش و لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بوو بە پێشنوێژی سونییەکانی شاری کرماشان و بە وتەی دانیشتووانی ئەو شارە، تەنانەت بۆ کوردانی شێعەش جێگەی متمانە بووە و زۆرجار بۆ چارەسەری کێشەکانیان سەردانیان کردووە.

مامۆستا ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ لە گوندێکی ناوچەی دیواندەرە لە دایک بوو و خوێندنی مەلایەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو کرد.