رفتن به محتوای اصلی

سوپای پاسداران دەستبەسەر بازاڕی مەهاباددا دەگرێ

سوپای پاسداران دەستبەسەر بازاڕی مەهاباددا دەگرێ
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دیموگڕافی مەهاباد سوپا دەیهەوێ بازاڕی مەهاباد قۆڕغ بکا
posted onNovember 17, 2018
noدیدگاه

 

سووپای پاسداران لە رێگەی کەسانی گرێدراو بە خۆی لە شارى مەهابادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، فرۆشگایەکی زنجیرەیی کردووەتەوە و لە هەموو دووکانە ورد و گەورەکانی مەهاباد بە هەرزانتر شتەکانیان دەفرۆشن. ئەو کارەش پاڵەپەستۆیەکی زیاتری خستۆتە سەر خەڵکی هەژاری دووکانداری ئەو شارە.

 

لقەکانی ئەو فرۆشگایە لە زۆربەی شوێنەکانی مەهاباد کراونەتەوە و نێوی هێندێک لە لقەکان بریتین لە کوروش، جامبو، ڕفاه و هتد. پەرەگرتنی کاری ئەو فروشگایە کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی سوپا و دامەزراوەی بوونیادی موستەزعەفانی مەهابادە بووەتە هۆکاری ئەوەی دووکاندارەکانی شاری مەهاباد کە تەنیا ڕێگەی بژێوی ژیانیان دووکانەکانیانە کڕیاڕیان نەمێنێ و بەرەو داخرانی یەکجاری بچن.

 

تەلەڤزیۆنی مەهاباد پڕوپاگەندە بۆ ئەو فرۆشگایە دەکات

بە بیانووی ئەوەی کە هۆکاری چییە کاڵا و شتومەکەکانی ئەو فرۆشگایە ئاوا هەرزانن، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد زۆر زیرەکانە پڕوپاگاندە بۆ بازاڕخۆشی سوپای پاسداران دەکات و کلیپێکی ڤیدیۆیی لەسەر فرۆشگاکە بەرهەم هێناوە. لە کلیپەکەدا پێشکێشکارەکە بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەکات کە لە نێو ئەو هەموو گرانییەدا هۆکاری چییە کە کەلوپەلەکانی ئەو فرۆشگایە ئاوا هەرزانن و بەو شیوە دەیهەوێ وا نیشان بدات کە بۆیان گرینگە بزانن هۆکاری سەرەکی هەرزانی کەلوپەلەکانى ئەو فرۆشگایە چییە.

 

کوردە کرێکارەکان و مایەپووچى بەرهەمە خۆماڵییەکان

لقەکانی ئەو فرۆشگایە لە لایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوەدەبرێن کە کورد نین و لە ڕاستیدا  مەهابادییەکان تەنیا کاری فرۆشیاری و داگرتنی بار و خاوێن کردنەوەیان پیدەکرێت. بە هۆی پڕۆژەکانی سوپا و هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمی بازرگانییەکانی سەر بە سووپای پاسداران ئەو بەرهەمە خۆماڵیانەی لە مەهاباد بەرهەم دەهێندرێن لە کزییان داوە و لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی مەهاباد بە گووتەی سەرچاوەیەکی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی لە مەهاباد مایەپووچ بووە و دەسەڵات هیچ هەوڵیک بۆ پشتگیری بەرهەمی خۆماڵی خەڵکی کوردستان نادات.

شایانی باسە ئەو هەوڵانەی سوپا لە کاتێکدایە کە سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دونیای دەرەوە و بە فیڕۆدانی سامانی ئێران لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم  بووەتە هۆی دانانی گەمارۆی تووند لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە. بەم هۆیەوە هێزی کڕینی خەڵك تا ئاستێکی زۆر هاتووەتە خوارێ و لە لایەکی دیکە سوپا بەو کارەی جاریکی دیکە خەڵکی هەژاری مەهاباد دەکاتە قووربانی پاوانخوازییەکانی خۆی.