تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کاردانەوەکان لەسەر مەرگى کچە شینەکە گەورەتر دەبێت

مەرگى کچە شینەکە دەنگ دەداتەوە!
AvaToday caption
posted onSeptember 10, 2019
noتعليق

سەحەر خودایار، ئەو کچە لاوەى کە لایەنگرى تیمى تۆپى پێى ئیستقلال بوو، بە هۆى هەوڵدان بۆ چوونە نێو یاریگاى ئازادى، لە لایەن دادگاى کۆمارى ئیسلامییەوە بە ٦ مانگ زیندان سزا درا و بۆ ناڕەزایەتى بەرامبەر ئەو حوکمەى، بەرامبەر دادگاى ئینقیلابی تاران خۆى سووتاند، دوێنێش لە نەخۆشخانەى موتەهەرى کۆچى دوایی کرد.

 

ئەم کچە ٢٩ ساڵەیە، دوو شەممە ١٢ى خەرمانان کە بۆ وەرگرتنەوەى مۆبایلەکەى چووە دادگاى ئینقیلابی تاران، تێگەیشت کە دەبێت ٦ مانگ زیندانى بکرێت. ئەم هەواڵە بووە هۆى تووڕەبوونى سەحەر و بە پێى قسەى شاهیدان و ئامادەبووان سەحەر بە تووڕەیی و هاوارەوە هاتووە دەرەوە لە دادگا و خۆى سووتاندووە کە لە نەخۆشخانە گوترا سووتاندنەکەى ٩٠%ـە.

لە نێو ڕاگەیاندنەکانى ئێران، ئەم کچەى لایەنگرى ئیستقلال بە دوو ناوى سارا و سەحەر ناو دەبرێت و خوشک و باوکى لە دوو گفتوگۆى جیاوازدا گوتوویانە کە لە کاتى یارى نێوان تیمەکانى ئەلعەین و ئیستقلال و لە کاتى هەوڵدانى بۆ چوونە نێو یاریگا دەستبەسەر کراوە.

دوو سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە سەحەر لە نێو جەوێکى ئەمنیى توندابووە لە نەخۆشخانە و دواى گیانلەدەستدانى بە نهێنى لە قەبرستانى مەعسوومەى قوم بەخاک سپێدراوە و ئیزن نەدراوە کە بنەماڵەکەى ئامادە بن لە بەخاکسپاردنیدا. هەروەها فشار هێنراوە بۆ بنەماڵەکەى کە ماتەمینى بۆ نەگێڕن، هەر ئەوەش بوو کە سێ ڕۆژ دواى مردنى ئاشکرا کراوە کە گیانى سپاردووە. تا ئێستا بەرپرسانى دەسەڵاتى دادوەرى و فەرمانگە و دەزگاکانى دیکەى رژێم هیچ لێدوانێکیان لەم بارەوە نەداوە.

سەحەر خودایارى، لیسانسى وەرگێڕانى فارسى بوو کە چەند جارێک بە قژى دەستکردن و دانانى ڕیش و سمێڵ خۆى کردووەتە پیاو و چووەتە نێو یاریگاوە تا ئەوە بوو کە دواجار دەستبەسەر کرا.

ڕۆژێک پاش دەستبەسەرکردنى، بنەماڵەکەی چوونەتە دادسەراى باڵا و لێپرسەرەکە داواى بارمتەیەکى ٥٠ ملیۆنییان کردووە،بەڵام خزم و کەس و کارەکەى ئەو بڕە پارەیان پێ نەبووە. پاش ڕۆژێک پارەکە دەخرێتە نێو هەژمارى دەسەڵاتى دادوەرییەوە، بەڵام لێپرسەرەکە پێیان دەڵێت کە لە سەعاتى ئازادبوونى کچەکەتان تێپەڕیوە و ئەوەبوو کە سەحەر برایە زیندانى قرچەک.

پاش دەستبەسەرکردنەکەى، دەبرێت بۆ زیندانى قرچەکى وەرامین و پاش ماوەیەک دەستبەسەرى، کەیسەکەى دەنێردرێت بۆ دادگاى ئینقیلابی تاران. پاش تێپەرینى چەند مانگ، ئەوەبوو دووشەممە سەحەر بە ئامادەبوونى لە دادگاى ئینقیلاب ویستى مۆبایلەکەى وەربگرێتەوە کە لە کاتى چوونە نێو یاریگە لێى ستێنرابوو. کەچى لە نێو دادگا پێى گوترا کە ٦ مانگ زیندانى دیکەى بۆ بڕاوەتەوە، هەر ئەوەبوو کە بە هاتوهاوار دێتە دەرەوە.

بە قسەى بنەماڵەکەى، سەحەر پاش ئازادکردنى تەواو گۆشەگیر دەبێت و چەندین جار بۆ وەرگرتنەوەى مۆبایلەکەى و کەلوپەلە شەخسییەکانى سەردانى دادگاى کردبوو،  بەڵام دواتر بە پێڕاگەیاندنى حوکمێکى دیکەى، لە داخان خۆى دەسووتێنێت.

لە نێو تۆڕە کۆمەیەتییەکان و ڕاگەیاندنە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، مەرگى سەحەر کاردانەوەى زۆرى بەدواوە بوو، بەتایبەت لەنێو دۆستانى تۆپى پێ و یاریزانە ئێرانییەکان کە هەندێکیان لێرەدا دەخەینە ڕوو:

عومەر

▫️ دیزاینی عومەر موئمنی کاریکاتێریستی ئۆردونی لە ماڵپەڕی گۆڵ بۆ کچی شین

ئیسرائیل

▫️ کاردانەوەی وەزارتی دەروەی ئیسرائیل بۆ مردنی کچی شین: ڕژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی قوربانییەکیتری بە کارنامەى زیاد کرد.

کەریمى

▫️ کاردانەوەی عەلی کەریمی: ژنانی وڵاتەکەم زۆر جار، زۆر پیاون. تا ڕاگەیاندنی دوایی، یاریگە

▫️ کاردانەوەى ئاندرانیک تەیموورییان: بەرەی دوایی وەبیر دێنێنەوە کە بۆ گەیشتن بە سەرەکیترین مافی ئینسانیمان چ ڕێبازێکی دژوارمان پێوا.

پەرەستوو

▫️ کاردانەوەى هونەرمەند پەرەستوو ساڵحى: سەحەرى زوو ئاوا بوو... بێ ئەملا و ئەولا تۆپى پێ هۆکارێکى ئاقڵانە نییە بۆ خۆکوژى، بەڵام لێستاندنەوەى ئازادى، ڕێزنەگرتن بە ماق و کەسایەتى مرۆڤ دەکرێت لاوێکى لێوڕێژ لە شەوق و هەیەجان بەرەو مەرگ بەرێت.

ڕۆم

▫️ کاردانەوەى یانەى ئەى.ئێس ڕۆم بەرامبەر مەرگى سەحەر: لەقەبی ئێمە جالوروسییە بە ماناى زەرد و سوو، بەڵام ئەورۆ دڵى ئێمە بۆ سەحەرى شینە. ئامانجى تۆپى پێ ، نزیککردنەوەى کەسەکانە لە یەکترى نەوەک دروستکردنى دژایەتى لە نێویاندا. ئێستا کاتى ئەوە گەیشتووە کە ژن و پیاوان لە ئێران لە تەنیشتى یەکترەوە سەیرى تۆپى پێ بکەن لە نێویاریگاکاندا.

گرى

▫️ کاردانەوەى گرى لینە کر، هێرشبەرى تیمى پێشووى بەریتانیا: چ هەواڵێکى دڵگرانکەر و چەندە بێمانا کە ژنێک ناتوانێت بچێتە نێو یاریگاى تۆپى پێ.