تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆدەنگی لەسەر مەترسیدارى ئێران

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆدەنگی لەسەر مەترسیدارى ئێران
AvaToday caption
posted onAugust 21, 2019
noتعليق

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە دانیشتنێکی بە ناوی پرسی پرسەکانى ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێک هێنا بۆ ئەوەی ١٥ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بە هاوکاری وڵاتانی دیکەی کاریگەر لە ڕووداوەکانی ئەو ناوچەیە، سەبارەت بە دۆخە هەستیار و نیگەراناوییەکانى ڕۆژهەڵاتی نێوەراست قسە بکەن.

 

لەو دانیشتنەدا بە تایبەتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گەروی هورمز و کەنداوی فارس قسە کرا و ماریا ویوتی سەرۆکی نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە باسکردنی ڕووداوەکانی هێرش بۆ سەر کەشتییەکان و ڕاگرتنیان و خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان ڕایگەیاند هەلومەرجی ئەو ناوچەیە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

پۆمپئۆ: ئێران هۆکاری قەیرانەکانە

لە دانیشتنەکەدا مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خوازیاری درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە بوو. جگە لە نوێنەری ئەمریکا، کۆمەڵیک لە وڵاتانی ئەوروپایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئێران هەڵوێستیان نیشان دا.

دیمیتری پۆلینسکی نوێنەری ڕووسیە بە ئاماژەدان بەوەی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست قەیرانێک ئەزموون دەکەن گووتی: سیاسەتی پەراوێزخستن و سڕینەوەی ئەو دەسەڵاتانەی لە لای هێندێک دەوڵەت بێزراون، بووەتە هۆی کێشە و خوێنڕشتنی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و نەخشاندنەوەى ژئۆپۆلتیک و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان، کۆمەڵێک کارەساتی لێکەوتووەتەوە.

نوێنەری ڕووسیە لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا ٨٠ لەسەدی ئابووری ئێران تووشی داڕمان بووە.

یەکیەتی ئەوروپا: با ئێران کێشەکان زیاتر نەکا

سیلویو گونزاتو، نوێنەری یەکیەتی ئەوروپا لە دانیشتنەکەدا، داوای لە ئێران کرد خۆ ببوێری لە هەڵێنانەوەی هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی کێشەکان لە ناوچە و پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

نوێنەری یەکیەتی ئەوروپا جارێکی دیکە پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو یەکیەتییە سوورە لەسەر درێژەدان بە بازرگانی ڕەوای خۆی لەگەڵ ئێران و لەو چوارچێوەدا میکانیزمی گونجاو پەیڕەو دەکات.

بەریتانیا: ئێران بەڵینەکانی بەرجام جێبەجێ بکات

باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێرای ئەوەی داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد پابەندى بەڵێنەکانی بەرجام بێت، گووتی: هیچ ڕێگەیەک جگە لە دانوسان بۆ چارەسەری قەیرانەکان نییە.

ناوبراو ڕایگەیاند ئەگەرچی بەریتانیا پشتیوانی لە مافی ئێران بۆ بەرگری لە خۆی دەکات، گووتی: رەفتارەکانی ئێران بە تایبەت ناردنی ملشیا بۆ سوریە، پێشێلکردنی بریارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە بووەتە هۆی ئەوەی بەریتانیا پشتیوانی لە گەڵاڵەی پاراستنی ئەمنیەتی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بکات.

بەحرەین و عەرەبستان

نوێنەری عەرەبستان، ئێران و ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکی ڕوودانی تێکهەڵچوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد و نوێنەری بەحرەینیش هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی ئیدانە کرد.

ئیسرائیل: ئێران ٧ ملیار دۆلارى بۆ پشتیوانى تیرۆر بەکار هێناوە

دەنی دانون نوێنەری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند ئێران بە پێشێلکردنی بەرجام و بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەروەها پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەوڕۆ داناوە و ئاماژەی بەوەکرد ئێران ساڵانە زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار پارە وەک پاڵپشتى ماددەى دەداتە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵا.

ئیمارات: ئێران دەستهخەڵگرە لە ملشیا یەمەنییەکان

سعود ئەلشەمسی، نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە نوێنەرایەتی گرووپی عەرەبی قسەی دەکرد، گووتی: گرووپی عەرەبی دەستێوەردانی بەردەوامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی ئیدانە و سەرکۆنە دەکات و ڕایگەیاند پێویستە ئێران دەست لە پشتیوانی ملشیاکانی دژبەری دەوڵەتی یەمەن هەڵگرێت.