تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عێراق سزا‌كانی ئەمریکا جێبه‌جێ ده‌كات

عێراق سزا‌كانی ئەمریکا جێبه‌جێ ده‌كات
AvaToday caption
posted onJuly 28, 2019
noتعليق

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق ناچار ده‌بێت، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاوانخوازییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وڵاته‌كه‌ی.

به‌و هۆیه‌وه‌ش حكومه‌تی به‌غدا كۆمه‌ڵێك بڕیار دژ به‌ دۆسته‌كانی لە تاران ده‌رده‌كات و، پێچه‌وانه‌ی "سیاسه‌ته‌كانی دووره‌په‌رێزی" كه‌ ماوه‌ی ڕابردوو له ‌سه‌روبه‌ندی ناكۆكی و ململانێیه‌كانی نێوان ڕژێمی ئێران و ئەمریکا ڕایگه‌یاندبوون.

به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕیش ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، كۆمه‌ڵێك بڕیاریان دژی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ناوخۆیی، كه‌ ناویان له ‌لیسته‌كانی سزای ئەمریکا هاتووه‌، كه‌ له‌په‌یوه‌ندی نایاسیی له‌گه‌ڵ ئێراندا تێوه‌گڵاون ده‌ركرد، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ هاوپه‌یمانانی ڕژێمه‌كه‌ی تاران له‌ناوخۆی به‌غدا دروست كردووه‌.

له‌ماوه‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تی خه‌زێنەدار‌ی واشنتۆن هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌حمه‌د جه‌بوری (ناسراو به‌ ئه‌بو مازن) پارێزگاری پێشووی سه‌لاحه‌ددین، نۆفل عاگوب پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا، ڕەیان كلدانی سەرۆکى گرووپی بابلیۆنی كریستانه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی، وه‌عد قه‌دۆ فه‌رمانده‌ی لیوای ٣٠ـی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ به‌ ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی ناسراوه‌، خرانه‌ نێو لیستی سزا‌كانی كۆشكی سپی. ئەمریکاش هۆكاری تۆماركردنی ئه‌و ناوانه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی "تاوانی دژ به‌مافه‌كانی مرۆڤ و، گه‌نده‌ڵی دارایی و پێشڵكاریی مرۆیی "بووه‌.

هاوكات عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانی داوه‌، میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكی ڕژێمی مه‌لایه‌كانی ئێرن به‌رێوه‌ ده‌چێت و، زۆربه‌ی ناوچه‌ تێكه‌ڵییه‌ ئه‌تنییه‌كانی موسڵیان كۆنترۆڵ كردووه‌، ده‌ستبه‌جێ كاره‌كانیان ڕابگرن. له‌ لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق، داوای له‌سه‌رجه‌م بانكه‌ میری و ئه‌هلییه‌كان كردووه‌، قه‌واڵه‌ی هه‌ر چوار كه‌سایه‌تییه‌كان سڕ بكه‌ن كه ‌ناویان له‌نێو لیسته‌كه‌ی ئەمریکادا هاتووه‌.

له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا ڕابگیرێت، ڕێگرییان لێبكرێت دۆلاری ئه‌مریكیاین ده‌ست بكه‌وێت، هه‌ڕە‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان لێكراوه‌ "سه‌رپێچیكاران سزا‌كانیان ده‌گاته‌ داخستنی ده‌رگای بانكه‌كانیان". به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا ئاشكرای ده‌كات "ده‌بێت به‌زووترین كات هێزه‌كانی ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی له ‌ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی له‌ كریستیان و شه‌به‌ك و موسڵمانه‌ سوننه‌كانن، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ سه‌رپێچی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیان كردووه‌.

هێزه‌كانی شه‌به‌كی به‌وه‌ش تۆمه‌تبار كراون كه‌ "پاش پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ڕێگری له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانیان"، به‌ڵام لایه‌نگره‌ كریستیان و شه‌به‌كه‌كانی ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی و ڕە‌یان كلدانی، ده‌ڵێن "ئه‌وان متمانه‌یان به‌هێزه‌كانی سوپاو پۆلیسی عێراقی نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌كه‌ی موسڵمانن"، داوا ده‌كه‌ن، " هێزه‌كانی خۆیان پارێزگارییان لێبكه‌ن، كه‌ له‌ كریستیان و شه‌به‌ك پێك هاتوون".

له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵكانی دیكه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هێمایان به‌وه‌ كردووه‌ "لیواكانی شه‌به‌ك و كریستیانه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی، ته‌نها ناوێكی ڕووكه‌شه ‌و، زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانیان له‌ موسڵمانه‌ شێعه‌ مه‌زهه‌به‌كانن و، حه‌شدی شه‌عبی له‌نێو دانیشتووانی باشوور عێراق له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئێران دابین كراون، وه‌ك عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و سه‌رایای خوراسانی".

گووتویانه‌ " سوپای پاسداران، سوودی له‌و لیوایانه‌ی كلدانی و شه‌به‌كی نێو حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دان جه‌نگاوه‌ری شێعه‌ بخاته‌ نێو ڕیزه‌كانیان، به ‌بیانووی ئه‌وانه‌ كریستیان و شه‌به‌كن"، ئه‌مه‌ش وای له‌و خه‌ڵكانه‌ كردووه‌ دژیان بوه‌ستن. له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ كڵێسای كلدانی دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ر گرووپ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری كریستیانی ده‌ڕبریوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵدانی كاسۆلیكی عێراق و جیهان له‌ ڕاگه‌یێنراوێكدا دووپاتی كردە‌وه‌ "كڵێسای كلدانی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ ڕێكخستنه‌وه ‌و په‌یكه‌ربه‌ندی حه‌شدی شه‌عبی به‌ئاراسته‌یه‌كی دروست ده‌زانێت، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت كۆ بكرێته‌وه‌و، دامه‌زراوه‌كانیشی پته‌وتر بێت، له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش هۆشیاریی نیشتیمانی لایه‌ن عێراقییه‌كان و یه‌كگرتوویی ناسنامه‌ی نیشتیمانی چڕتر ببێته‌وه‌". ده‌شڵێت "كڵێسای كلدانی به‌شێوه‌یه‌كی ڕەها دژی هه‌ر گرووپ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كدارییه‌، سیفه‌تی كریستیان له‌خۆ بنێت".

داواشی كردووه‌ "په‌یوه‌ندی وخۆیان  له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و فه‌رمییه‌كانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناونووس بكه‌ن". بانكی ناوه‌ندی ئه‌و وڵاته‌ش، داوای له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بانكانە كردووه‌  زانیاریی ورد له‌باره‌ی ئه‌و ناوانه‌ی  له‌نێو سزاكانی ئەمریکا هاتوون.

سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كانی به‌غداش جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ "ئه‌و ڕێكاره‌ به‌بڕیاری ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای هۆشدارییه‌كی ڕوونی واشنتۆنه‌وه‌ هاتوون".

كۆشكی سپی به ‌گووته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ "ناڕە‌زایی خۆی به‌عه‌بدولمه‌هدی نیشان داوه‌ به‌وه‌ی، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی حكومه‌ت به‌سه‌ر سزایكانیان ده‌پێچنه‌وه‌و، ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانانی عێراق یارمه‌تی ئێران بده‌ن". له‌و باره‌یه‌وه‌ واشنتۆن نه‌یشاردووەته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ عێراقیش بخاته‌ نێو سزا‌كان، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌یارمه‌تیدانی ئێران.

ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌بوو بۆ حكومه‌تی به‌غدا، ئه‌وه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ پابه‌ندی سزا‌كانی ئەمریکا بێت، چونكه‌ له‌نێو كێشمه‌كێشه‌ سیاسی و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی لاوازترین بازنه‌ی ڕووداوه‌كانه‌، چونكه‌ سه‌دان كارمه‌ندو فه‌رمانبه‌ری سه‌ره‌كیی هه‌یه‌، لایه‌نگری ئێرانن و، ترسی ئه‌وه‌یان له‌دڵدایه‌ بكه‌ونه‌ به‌ر شه‌پۆلی سزاكانی كۆشكی سپی.

ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ترو فراوانتری له‌حكومه‌ت هه‌یه‌، ڕێگری له‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان بكات. ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جموجوڵانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت، كه‌به‌شێك له‌به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانی تاران خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و پاره‌و وه‌به‌رهێنانه‌كانیان بۆ نێو كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ پارێزگاریكردنیان له‌سزاكانی واشنتۆن.