رفتن به محتوای اصلی

قاسم سولەیمانى پیلانى تاقاندنەوەى مەزارە ئایینەکانى عێراقی داڕشتووە

قاسم سولەیمانى پیلانى تاقاندنەوەى مەزارە ئایینەکانى عێراقی داڕشتووە
AvaToday caption
posted onMay 30, 2019
noدیدگاه

 

سیاسەتمەدارێکی عێراقی ئاشکراى کرد، فەرماندەی سوپای قودس ـى باڵی دەرەکی سوپای پاسدارانی ئێران، کە بەم دواییانە وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەژمار کرا، بەنیازە شەڕێکى تایفی لە عێراق هەڵگیرسێنێت.

 

میسال ئالوسی، ئەمیندارى حزبی ئوممەى عێراقی لە لێدوانێکى بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕایگەیاند "قاسم سولەیمانى، لە ڕێگەى ملشیا شێعەکانیانەوە لە عێراق پیلانی داڕشتووە شەڕێکى تایفی لە نێو پێکهاتەکانى عێراق هەڵگیرسێنێت" ئاماژەى بەوەش داوە "پیلانەکەى سولەیمانى بریتییە لە بەئامانجکردنى مەزارە پیرۆزییە ئایینییەکانى عێراق، هاوشێوەى مەزارى ئیمامی عەسکری".

دواى تەقاندنەوەى مەزاری ئیمامى عەسکری لە سامەرا ساڵى ٢٠٠٦، کە یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکان لاى شێعەکان، جەنگێکى تایفی ناوخۆیی لەنێو پێکهاتەکانى عێراق دروست بوو، بەتایبەت لەنێو شێعەو سوننە مەزهەبەکان. بەو هۆیەوەش هەزاران خێزان لە شارەکانى خۆیان دەربەدەر و ئاوارە بوون و ملشیا چەکدارەکانیش بەتایبەت ئەوانەى لە ڕژێمى ئێرانەوە نزیکبوون ڕۆڵێکى گەورەیان لەپرۆسەى کوشتن و ئاوارەکردنى هەزاران کەس هەبوو.

ئالوسی ئەوەشى دووپات کردەوە کە ڕژێمى تاران هەوڵێکى تاوانکارى ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى "فشارە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکەى سەر ڕژێمەکەى پووچەڵ بکاتەوە، ئەویش لەرێگەى هەڵگیرساندنى شەڕ لەعێراق و دروستکردنى جەنگێکى وێرانکارى تایفی".

ئالووسى

میسال ئالووسى سەرۆکى حزبی ئومەى عێراقى

لەدواى دەرچوونى واشنتۆن لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی ٢٠١٥، کە لە نێوان ئێران و شەش وڵاتە جیهانییەکە، تاران ماوە ماوە کار بۆ ئەوە دەکات بەغدا دژى ئەمەریکا بەکار بهێنێت و، تاڕادەیەکیش شکستى هێناوە. لەلایەن خۆشیەوە مەسعوود زاهد، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە لێدوانێکى بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕوونی کردەوە "هەڕەشەکانى ئێران شتێکى نوێ نییە، پێم وایە ئەو هەڕەشانە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر سەرلێشێواوی ئێران کە بەهۆى سزاکانی ئەمەریکاوە تووشى بووەو، ئەنجامی خۆشی پێکاوە"، پێی وابووە "ئەگەر سزاکان ئەنجامێکى ئەوتۆى نەبووایە ئەوا هەرگیز ئێران پەناى بۆ هەڕەشە نەدەبرد".

هێماشی بەوە کردووە "ئەوەش ئەوە دەسلمێنێت ڕەوشى ناوخۆیی ئێران لە ڕووى ئابووریی و بژێوى خەڵکەوە گەیشتووەتە ئاستێکى هەستیار، ئەمەش مەترسی بۆ ڕژێمەکە دروست کردووە لە هەڵگیرساندنى شۆڕشی برسێتى و خۆپێشاندانى جەماوەر لەسەر شەقامەکان هاوشێوەى سەرەتاى ٢٠١٨، کە هەڕەشە لە مانەوەى ڕژێم بەو شێوەیە دەکات". زاهد دەشڵێت "ئێران دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانى بەرەو دەرەوە بگوازێتەوە".

ئەو پسپۆڕەش جەخت لەوە دەکاتەوە " ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانى هیچ کردەوەیەکى سەربازی ئەنجامنادەن، تەنها ئەو کاتە نەبێت ئێران کردەوەیەکى سەربازی ئەنجام بدات و، پێویستى بە وەڵامدانەوە هەبێت".

هەرچەندە ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئەوان نایانەوێت بەشداری شەڕی دژى ئێران بکەن، بەڵام ئەگەر هاتوو تاران کارێکى ناڕەوای ئەنجام دا، ئەوا ڕووبەرووی وەڵامدانەوەیەکى تووندی سەربازی دەبێتەوە و واشنتۆنیش پێویستى بە ڕەزامەندی کۆنگرێس نابێت، وەک زاهد شی دەکاتەوە.

ئیمام عەسکەرى