تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عەلی عابدی بەتەنیا جێ مەهێڵن

عەلی عابدی تەنیا جێ مەهێڵن
AvaToday caption
posted onDecember 16, 2019
noتعليق

ترسی کۆماری ئیسلامی لە هونەرمەندانی نیشتیمان پەروەر و سەربەخۆ تازە نییە، سەرەتا هەوڵ ئەدەن بە پوڵ و پارە دەستەمۆیان بکەن، نەکرا بە هەڕەشە و ترساندن، زەخت و گوشار و ئەگەریش هەر نەکرا دوور نییە هەوڵی لە ناوبردنیان بدەن.

 

 یەکێک لەو مامۆستایانەی هونەر و ئاهەنگی کوردی عەلی عابدیە کە سەربە خۆ بوون و نەچوونە ژێر باری خیانەت بۆتە هۆی ئەوەی ژیانی لێ تاڵ بکەن و بەردەوام گووشاری بخەنە سەر.
مامۆستا عەلی عابدی لە دایک بووی ساڵی ١٣٤٨ هەتاوی لە شاری سەردەشت، ئاهەنگساز، شاعیر، ژەنیاری ڤیۆڵۆن و لێکۆڵەری موسیقایە و لە ساڵی ٦٤ی هەتاوییەوە تێکۆشانی هونەری خۆی دەست پێ کردووە.
تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ گۆرانی، چەندین کاری بێ کەلام و موسیقای شانۆ و ئاهەنگسازی کردووە و بۆ گۆرانیبێژی جۆربەجۆر وەک نەجمەدین غولامی، کامران عومەر، ژاڵە و تارا ڕەسوڵ و هیتر. ئاهەنگسازی کردووە یان هۆنراوەی بۆ ئاوازەکانیان داناوە.

عەلى عابدى

جگە لەمە زیاتر لە ٤٠ سرودی نیشتیمانی بە ناوی خوازراو" مستعار" ساز کردووە، بۆ وێنە بۆ تراژدی هەڵەبجە" بە تەنیا جێم مەهێڵن"ی ساز کردووە. مامۆستا عابدی ٤ کتێبی موسیقا و ئاوازی نووسیوە و زۆر بەرهەمی دیکەشی هەیە. ٢١ ساڵە ئیزنی بڵاوکردنەوەی هیچ بەرهەمێکی نوێی پێ نادرێ لە کۆنسێرتەوە هەتا دەگاتە پێکهێنانی فیستیڤاڵ و کۆڕی شێعر و .....
جیا لەوە ماوە بە ماوەش هەڕەشەی لێ دەکرێ و بیانووی پێ دەگرن.

مامۆستا عەلی عابدی کە ئێستا نیشتەجێی سەقزە لەو هونەرمەندە نیشتیمان پەروەرە دەگمەنانەیە کە گەلی ئێمە پێویستە قەدری بزانێ و بەرامبەر بە زەحمەت و تێکۆشانی ئەمەگناس بێت. پێویستە پشتیوانی مادی و مەعنەوی لەو مامۆستایە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە خزمەت و تێکۆشانی بە سودی بە ئاواز و موسیقای گەلەکەمان بدات.
ئێمەش نابێ مامۆستا عەلی عابدی" بەتەنیا جێ بهێڵین"!