ڕۆژی هەینی، ٨ی پووشپەڕ، پیاوێکی فیداکاری خەڵکی قوڕی چیا ی سەر بەشاری دێولان ، بەناوی فەیزۆڵا حوسەین پەناهی لەکاتی سەیران لە گوندی باوەگوڕگوڕی شاری قوروە کە شوێنێکی گەشتیارییە، گیانی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ ڕزگار دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا خۆی گیان لەدەست دەدا.
بە وتەی شایەتحاڵان، کاتژمێر ۱۰ی پێش نیوەڕۆ منداڵێک کە لە ڕۆخ حەوزی گوندى باوەگوڕگوڕ یارى کردووە، دەکەوێتە نێو ئاوەکە و بە هۆى هاتوهاوارى بنەماڵەکەى خەڵک بە دەور حەوزەکەدا کۆ دەکاتەوە و مەترسى مردنى منداڵەکە فەیزۆڵا حوسەین پەناهی کە مەلەشى نەزانیوە، ناچار دەکات خۆى فڕێ داتە نێو ئاوەکەوە و گیانى منداڵەکە ڕوزگار بکات، بەڵام خۆی ناتوانێت بێتە دەرەوە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دەدا.
بە وتەى یەکێک لە خزمەکانى کە بۆ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى قسەى کردووە "پاش خنکانى فەیزوڵا و مانەوەى تەرمەکە لە نێو ئاوەکە بۆ ماوەیەکى زۆر، کاتژمێر ٦:٣٠ى ئێوارە بەبڕی دوو میلیون تمەن مەلەوانى تایبەت لە شاری هەمەدانەوە دەهرێنرێت و تەرمەکەی لە قووڵایی ٨ متر دەدۆزڕێتەوە"، فەیزۆڵا حوسەین پەناهى کە تەمەنی ٤۹ ساڵە و باوکی پێنج منداڵە، کاتژمێری ۱۰ی دوێنێ شەو تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە قوڕی چیا و بە ئامادەبوونى خەڵکێکی زۆر بە خاک دەسپێردرێ.
شایەنى باسە، باوەگوڕگوڕ ئاواییەکە لە ۱٨ کیلومتری شاری قوروە هەڵکەوتووە و کانییەکەى بەوە ناسراوە کە ئاوێکی کانزایی و شەفابەخشە، هەر لەبەر ئەمە باوەگوڕگوڕ بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و قەرەباڵغ و ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی غەواس و مەلەوانی ڕزگارکەر بەردەوام ئەم حاڵەتى خنکانانە دووبارە دەبنەوە.
ساڵی پاریش هەر بەم شێوە پاش لەئاوکەوتنی کۆڕێکی گەنج لەم شوێنە بەهۆی نەبوونی مەلەوانى تەنگەتاو دەخنکێت و پاش چوار ڕۆژ تەرمەکەیان لە۳۰ متری ئاوەکە دەردەهێنرێت.