
ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوای بانگکردنی تەلەفۆنیی "ئەبووبەکر مەعرفەت" باوکی "ئەمین مەعرەفەت" لە گیانلەدەستدراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەشیان دەسبەسەر و دوای ٤٨ کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا کاک ئەبووبەکریان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگ و دواتر هەرکام لە دایە خانم پشتوانە دایکی شەهید، گوڵاڵە، ئەسرین و بەفرین مەعرفەت خوشکەکانی ئەمین مەعرفەتیان بە هەڕەشە بانگ و دەسبەسەریان کردوون.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: ئەم بنەماڵە دادخوازە دوای دوو ڕۆژ لێپرسینەوە و بێڕێزی، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوە دوای ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا، بە دانانی بارمتەی ٥ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.