Ana içeriğe atla

سوپاسالارى کۆمارى ئیسلامى هەڕەشە لە عێراق و  هەرێمى کوردستان دەکات

سوپاسالارى کۆمارى ئیسلامى هەڕەشە لە عێراق و  هەرێمى کوردستان دەکات
محەمەد باقری: دەبێت عێراق تیرۆریستەکانمان بەدەستەوە بدات
دەسەڵاتى بەغدا لەبەرامبەر هێرشەکانى کۆمارى ئیسلامى هەڵوێستى جددى نەبووە
posted onSeptember 11, 2018
noyorum

 

سەرەڕای سزا ئابووریی و سیاسییەکانى سەرکۆمارى ئیسلامى، بەڵام ئەو وڵاتە بەردەوامە لە پێشڵکردنى یاسا نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان و دوایین هەنگاویش لەلایەن سوپاسالاری ئەو وڵاتە بووە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

محەمەد حوسێن باقری سوپاسالاری سوپای ئێران داواى لە بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە "بەرپرسانى هێرشەکانى سەر سنوورى هاوبەشى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق، ڕادەستى تاران بکەن". لێدوانەکانى باقری لە کاتێکدایە، شەممە 8 ئەیلوول، سوپاى پاسداران هێرشێکى مووشەکی کردە سەر بارەگاکانى حیزبی دیموکرات لە شارى کۆیە و کۆمەڵێک شەهید و برینداری لێکەوتەوە و هەر لەهەمان رۆژدا سوپاى ئەو وڵاتە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانى بۆمباران دەکرد و تا ئامادەکردنى ئەم ڕاپۆرتەش بەردەوامە لە تۆپبارانکردنى کوێستانەکانى حاجى ئۆمەرانى هەرێمى کوردستان.

تاران، بەبێ ڕەچاوکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان هەڕەشەى دووبارەکردنەوەى هێرشەکانى لە عێراق راگەیکردووە "ئەگەر بێتو تیرۆریستان ڕادەستى ئێران نەکەنەوە". وەک ئاژانسى هەواڵى تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، باقری گوتوویەتى "ئێران دووبارە هێرشى مووشەکی دژى گرووپە تیرۆریستییە کوردەکان ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەى ئاسایشى وڵات دابین بکات".

 

لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردووەوە، پارتە کوردییەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانى رژێمى کوماری ئیسلامی، خەباتی چەکداری دژى ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن. گرنگترین چەکی ئۆپۆزسیۆنەکانیش کلاشینکۆفی سۆڤییەتی جارانە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ چەک و جبەخانەى کۆمارى ئیسلامى ناهاوسەنگییەکی گەورەیە.

لەبەرامبەر هەڕەشەکانى تاران، حکومەتى ناوەندی عێراق هیچ هەڵوێستێکى فەرمی بەرامبەر ئەو وڵاتە دراوسێیەى نەبووە و لەبارەى هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیش هەڵوێستێکى شەرمنانەى نواند و تەنیا ئەوەى گوت کە " ئەو هێرشە بەبێ هەماهەنگی بەغدا جێبەجێ بووە".