Ana içeriğe atla

هاونیشتمانییەکی دەستبەسەرکراوی بۆکان ئەشکەنجە دراوە

هاونیشتمانییەکی دەستبەسەرکراوی بۆکان ئەشکەنجە دراوە
posted onDecember 28, 2025
noyorum

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیێنن، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆکان کە ماوەی 10 ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە ناوەندە ئەمنییەکاندا "ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی" دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، ئیبراهیم مەردانی، هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا ڕووبەڕووی فشار و ئەشکەنجە بووەتەوە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو لە مافە سەرەتاییەکانی وەک "پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەش کراوە.
ئیبراهیم مەردانی ئێوارەی سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025 (25ی سەرماوەز)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمیی دەستبەسەرکردنەکەی ڕانەگەیێندراوە.
ئەمە یەکەمجار نییە مەردانی دەستبەسەر دەکرێت؛ پێشتر بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەیدا، میوانەکان "جلوبەرگی کوردیی ڕەنگی خاکی"یان پۆشیبوو، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.