Ana içeriğe atla

موراد قەرەیلان مەرجەکانی قۆناخی نوێی چارەسەریی دۆزی کورد لە باکووری کوردستانی راگەیاند

موراد قەرەیلان
موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە
posted onFebruary 7, 2025
noyorum

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پەکەکە، لە پەیوەندیی لەگەڵ چەکدانان گوتی:  ئەو بابەت دەبێت کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدات و بۆ ئەوەش عەبدوڵا ئۆجەلان دەتوانێت داوای بەستنی کۆنگرە بکات، بەڵام پێش هەموو شت ئاگربەست پێویستە.

موراد قەرەیلان لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ تەلەفزیۆنی ستێرک گوتی: "چەکدانان پێویستی بە بڕیارێک هەیە، بۆ نموونە بڕیاری کۆنگرە پێویستە. سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت داوای کۆنگرە بکات. کاتێک کۆنگرە کۆدەبێتەوە، سەرۆکایەتی دەتوانێت قسە بکات. جگە لە سەرۆک ئاپۆ، هیچ کام لە ئێمە ناتوانین کۆنگرە کۆبکەینەوە بۆ چەکدانان و هەموو هەڤاڵانمان رازی بکەین. بۆ دەستپێکردن پێویستە سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکرێت."

ماوەیەکە جموجۆڵێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا بە مەبەستی چارەسەریی دۆزی کورد دەستیپێکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا داوا دەکەن عەبدوڵان ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، داوای چەکدانان لەو حیزبە بکات.

موراد قەرەیلان شەوی ٦ی رێبەندانی ١٤٠٣ گوتی: "پێویستە سەرەتا ئاگربەست بکرێت. تاوەکو ئاگربەست نەبێت، ئێمە چۆن لێرە پرسی چەکدانان بخەینە رۆژەڤ. رۆژانە چەک بەکاردەهێنرێت و بە چەک بەرگری لە خۆمان دەکەین."

چەند رۆژ لەمەوبەر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: عەبدوڵا ئۆجەلان لە داهاتوویەکی نزیکدا بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی کورد لە تورکیادا بڵاو دەکاتەوە.

بەگوتەی موراد قەرەیلان، تاوەکو ئێستا "هەندێک شاندی دەوڵەتیش بۆ دیدار (عەبدوڵا ئۆجەلان) چوونەتە ئیمراڵی. سەرۆکایەتی دەیەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە بکات و هەنگاوێکی نوێ بنێت."

پرۆسەی نوێی تورکیا و باکووری کوردستان دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە رۆژی 22.10.2024024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا، لەوێ وتارێک بدات و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە.

دوای ئەوە شاندی دەم پارتی، حیزبی کوردی باکووری کوردستان، رۆژی 28-12-2024، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیای کرد و راگەیەنراوێکیان لەسەر ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکردەوە.

شاندی دەم پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا چەند هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئەرێنی بووە، هەموو لایەنەکان "پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕیوە."

شاندەکە دیسان سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە ئیمرالی کردەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان کە ئێستا تەمەنی ٧٥ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زیندانی حکومەتی تورکیا دایە، ئامادەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیادا دەستپێبکات.