Ana içeriğe atla

هەڵاتنی ژمارەیەکی بەندکراو لە کرماشان پشتڕاست کرایەوە

گرتووخانەی دێزڵاباد کرماشان
گرتووخانەی دێزڵاباد کرماشان
posted onJanuary 31, 2025
noyorum

رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان پشتڕاستی کردەوە ژمارەیەک بەندکراوی گرتووخانەی دێزڵابادی کرماشان رایانکردووە. ئەو رێکخراوی دەڵێ: ئەوانەی هەڵاتوون ٩ کەس بوون، بەڵام سەرچاوەکانی "ئاڤاتودەی" باس لە هەڵاتنی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤاتودەی، شەوی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە گرتووخانەی دێزڵاباد لە کرماشان سەرهەڵدان روویداوە و کۆمەڵێک بەندکراو لەو زیندانە هەڵاتوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی بەندکراوە هەڵاتووەکان ٣٠ بۆ ٤٠ بوون.

رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئەوانەی هەڵاتوون بەندکراوی نێو گرتووخانەی نەوجەوانان و ژنان بوون و ژمارەیان 9 کەس بووە لە رێگەی بڕینەوەی پەنجەرەی ژووری نوێژکردنی گرتووخانەکەوە رایانکردووە.

رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان رایگەیاندووە، سێ کەس لەوانەی رایانکردووە دەستبەسەرکراونەتەوە و هەوڵی دەستبەسەرکردنەوەی شەش کەسەکەی دیکەش دەدرێت

هاوکات ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران لە زاری سەرچاوەی تایبەتەوە بڵاویکردووەتەوە، 11 کەس رایانکردووە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بڕیاربوو بەیانیی ڕۆژی دواتر بەشێک لەو زیندانییانە لەسێدارە بدرێن، ئەمەش ئەگەری ئەوە بەهێزتر دەکات کە هۆکاری سەرەکیی ئەو شۆڕشە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو حوکمە بووبێت.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە کرماشان لە دۆخی حكوومەتی نیزامی و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لە پارێزگای لوڕستانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کراون.

ئەمە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە تووڕەییی خەڵک سەبارەت بە سەرکوت، حوکمی ئێعدام و بارودۆخی ترسناکی زیندانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کۆماری ئیسلامیش لەگەڵ شەپۆلێکی نائارامیی ئەمنی بەرەوڕوو بووەتەوە.