Ana içeriğe atla

شەمەرى بۆ ئاڤاتودەى: میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێى وەزارەتى ناوخۆ یارمەتی ئێران دەدەن

شەمەرى بۆ ئاڤاتودەى: میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێى وەزارەتى ناوخۆ یارمەتی ئێران دەدەن
عەبدولرەزاق شەمەرى: هیوادارین لێدوانەکانى ئەمریکا بە قازانجی عێراق بن
posted onDecember 29, 2018
noyorum

 

عەبدولرەزاق شەمەرى، توێژەرو سیاسەتمەدارى پێکهاتەى سوننەکانى عێراق، هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانى ئەو پێکهاتەیە لە پڕۆسەى سیاسیی عێراقە و، سەرۆکایەتى گردبوونەوەى هێزە عێراقییەکان بۆ ڕزگارکردن و ڕەتکردنەوەى دەسەڵاتەکانى ئێران ڕایدەگەیەنێت "هەڵبژاردنەکانى ئەمجارەى عێراق، کۆمەڵێک ساختەی تێدا ئەنجام دراوە".

 

شەمەری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤا تودەى، ئاماژەى بەوە کردووە "میلیشیاکان دەیانەوێت، وەزارەتى ناوخۆ ببێتە سییەکانى هەناسەدانى ئێران، بۆ ئەوەى بتوانێت لە سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانى ئەمریکا هەڵبێت".

 

ئاڤاتودەى: بۆچى بەشێک لەفراکسیۆنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سوورن لەوەرگرتنى فالح ئەلفەیاز، وەک وەزیرى ناوخۆ؟

عەبدولرەزاق شەمەری: هەمووان دەزانن، هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییە کۆمەڵێک نامۆیی و پرسى لەخۆ گرتووە و باشیش دەزانرێت، کۆمەڵێک ساختەریی تێدا ئەنجام دراوە، لە پاڵ ئەوانەش ڕێژەى بەشداریکردن لەو پرۆسەیە زۆر نزم بوون و، بەپێی ڕاپۆرتی بەشێک لەرێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێژەى بەشداریی سەدا ١٧ تێپەری نەکردووە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت ئەو پڕۆسەیە یاسایی نییە و پرۆسەیەکى هەڵبژاردنى بەتاڵ بەرهەم دەهێنێت، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ڕێژەى بەشداریکردنى دەنگدەران لە خوار سەدا ٤٠ بێت، ئەوا پرۆسەکە پووچ دەبێتەوە، ئەمەش خاڵى یەکەم.

دووهەمیش؛ پێش هەڵبژاردنەکان ڕامانگەیاند پرۆسەى هەڵبژاردن کۆمەڵێک فەرماندەى جەنگ بەرهەم دەهێنێت، نەوەک نوێنەرانى گەل. لەسەر ئەو بنەمایە بەشێک لە لایەنە میلیشیاکان کە براوەى هەڵبژاردن بوون، سوور بوون لەوەى وەزارەتى ناوخۆ ڕادەستى فالح ئەلفیاز بکرێت، چونکە وەرگرتنى ئەو پۆستە لە لایەن ناوبراوەوە، وەک سییەکانە بۆ ئێران، بە تایبەت ئێستا تاران ڕووبەرووى فشارێکى مەترسیدار بووەتەوە لە سزاکان و بایکۆتکردنی نێودەوڵەتى، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانى ڕۆژاوا. سووربوونى ئەو میلیشیاو لایەنانە لەوەرگرتنى ئەلفیاز پۆستى وەزیرى ناوخۆ، واتا ڕزگارکردنى ئێرانە لەو ئابلووقەیە کەبەسەریدا سەپێنراوە.

ئاڤاتودەى: نوێنەرێکى فراکسیۆنى سائیرون ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە ئەلفیاز نادەن، ببێتە وەزیرى ناوخۆی، ئەگەر پرۆسەکەش چوار ساڵ بخایەنێت، پێتان وایە سائیرون سەرکەوتوو دەبن لەدوورخستنەوەى ئەلفەیاز لەوەرگرتنى پۆستى ناوخۆ؟

عەبدولرەزاق شەمەری: تاقیکردنەوەى پێشوومان لەگەڵ فراکسیۆنى سائیرون، ئەوان لەدواساتەکان لەهەڵوێستە سیاسییەکانیان پاشگەز دەبنەوە، ئەمەش تێڕوانینى منە بۆ ئەو پرسە.

ئاڤاتودەى: پێشبینى دەکەن ئەلفەیاز پۆستى وەزیری ناوخۆ بەدەست بهێنێت لە حکومەتى عێراقدا؟

عەبدولرەزاق شەمەری: ئەگەر ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا ئێران خاوەنى هەموو پرسێکە لەعێراق، ئەوا فالح ئەلفەیاز دەبێتە وەزیرى ناوخۆی حکومەتى عێراق.

ئاڤاتودەى: کشانەوەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە سووریا و جێگیر کردنیان لە عێراق تاچەند لە قازانجی بەغدا دەبێت؟

عەبدولرەزاق شەمەری: ئومێدەوارین لێدوانە ئاشکراکانی ئەمریکا هاوشێوەى جموجۆڵە شاراوەکانى واشنتۆن بێت و، ئەو پرسەش بەو شێوەیە بێت کە لەقازانجی عێراق بن.