حوسێن تائیب، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای تیرۆریستى پاسداران لە سەردانێکی بۆ عێراق، داوا لە میلیشیا شێعییەکانى عێراق و نزیک لە کۆماری ئیسلامی دەکا کە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە چڕتر بکەنەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە بە پێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی سەربازیی و دوو سەرچاوەی ئەمنی، حوسێن تائیبى بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، حەوتووی ڕابردوو لە سەردانێک هاتووەتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی هەبووە، سەرەڕای ئەویکە داوای لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا، گوتووشیەتی "هێرشەکان بە ئەستۆ مەگرن و بە میدیایی مەکەن".
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی کە ئاگاداری دانیشتنەکانی حەشدی شەعبی و تائیب بووە، بە هەواڵدەریی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "لەو کۆبوونەوە بڕیار دراوە هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتى عێراق و سووریە". بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی میلیشیاکانی لە عێراق وەک کارتێکی گوشار بۆ وتووێژەکانى تایبەت بە پرسى ناوەکی لە ڤییەنا بە کار دەهێنێ.