دامەزراوەى فەرهەنگى و پەروەردەیی سۆماى شارى مەهابادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى فەرهەنگى شارەکە و زانکۆى ئازاد و بەڕێوەبەرایەتى پەروەردە و ئەنجوومەن و شارەوانى شارەکە، یەکەمین کۆنگرەى نەتەوەیی ساڵانەى زمانى کوردى بەڕێوە بچێت.
وەک لە بانگەوازەکەى سۆمادا هاتووە، ئامانجەکانى کۆنگرەکە لەم خاڵانە کورت کراونەتەوە:
ـ ئاشنایی لەگەڵ توێژینەوە نوێیەکانى بوارى زمان
ـ گفتوگۆ و گۆڕینەوەى ڕوانگە لە بوارە جۆراوجۆرەکانى زمانى دایکى
ـ هەڵنانى توێژەران بۆ قووڵئەندێشى بۆ توێژینەوە لەمەڕ زمانناسى
ـ پشتبەستن بە زمان و فەرهەنگى ناوچەیی و خۆماڵى لە ڕاستاى بەهێزکردنى ناسنامەى نەتەوەیی
هەورەها تەوەرە سەرەکییەکانی یەکەمین کۆنگرەى نەتەوەیی ساڵانەى زمانى کوردى بۆ ناردنى وتار بەم شێوەیە دیارى کراون:
یەکەم: تاوتوێى زمانى دایکى لە یەکێک لە م بوارانە (سەرف، نەحو، ئاوا، واج، کاریگەریناسى، شڕۆڤەى ئاخێو، مێژووى تەتدبیقى و ڕەدەشناسى)
دووەم: تاوتوێی کاریگەرى زمانى دایک لە ڕوانگەى کاریگەریی یەکێک لەم پانتاییانە (پەروەردە و فێرکردن، فەرهەنگ، ناسنامە، ژینگە، کۆمەڵگە، سیاسەت، لۆجیک و فەسەفە).
سێیەم: زمانى دایکى و تاوتوێى زانستى ژێرخانى ئاخێو و شێوەزارە جیاوازەکان.
چوارەم: تاوتوێ و شڕۆڤەى بەرامبەرەکى ژێرخانى زمانە ئێرانییەکان.
پێنجەم: تاوتوێی زمانى و ڕێنووسى کوردى و پێشنیار بۆ چاکسازى و ڕێکار
شەشەم: ڕێگەچارەى پڕاگماتیک لە ڕاستاى پاراستنى زمانى دایکى
حەوتەم: تاوتوێى ئەو زمانانەى دیکەى ئێرانى کە لە مەترسیدان!
لە تەنیش بەرنامەى یەکەمین کۆنگرەى نەتەوەیی ساڵانەى زمانى کوردى لە مەهاباد ئەم بابەتانەى خوارەوەش بەڕێوە دەچن:
ـ بەڕێوەچوونى کۆنفڕانسەیلى هاوئاستى زانستیی زمانناسانە لە ڕاستاى گەیشتن بە دەستکەوت و دەرهاویشتەیەکى لەبار.
ـ ئەنجامدانى پێشانگە لاوەکى لەمەڕ زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگى ناوچەیی مەهاباد.
ـ ئەنجامدانى کەلاسى پەروەردەیی لەمەڕ زمانى دایکى لە شارى مەهاباد.
ـ ڕێنوێنى ڕێکخستن و نووسینى وتار
شایەنى باسە وەها دیارى کراوە کە دەبێت وتارەکان بە زمانى فارسى یا کوردى بن و ئێستا وادەى نێردرانى وتارەکانە. وتارەکانیش دەبێت لە ٦٠٠٠ تا ٦٥٠٠ وشە زیاتر نەبن و دەبێت ئەمانەیش وەبەرچا بگیردرێت:
ـ ناوونیشانى وتار: لە سەرەوەى وتار و لە نێوەڕاستى لاپەڕە
ـ ناو و لەقەبى نووسەر (یا نووسەران) و پلە زانستییەکەیان لە ژێر وتارەکە لەلاى چەپ دانرابێت
ـ کورتەیەک لە دەقەکە، وشە سەرەکییەکان، پێشەکى، دەقى وتارەکە، ئەنجامگیرى و پێرست و سەرچاوەکان دیارى بکرێت.
ـ بیرئانین: وتارەکە دەبێت لەخۆگرى دەستکەوتە تازە زانستییەکان بێت و لە بڵاوکراوەکان بڵاوز نەکرابێتەوە.