Ana içeriğe atla

سووتاندنى ئاڵاى کوردستان لایەنەکانى باشوورى یەک خستەوە

سووتاندنى ئاڵاى کوردستان لایەنەکانى باشوورى یەک خستەوە
AvaToday caption
posted onOctober 17, 2020
noyorum

لە کاتى سووتاندنى بارەگاى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغدا کە لە لایەن حەشدى شەعبی سەر بە کۆمارى ئیسلامى ئەنجام درا، ئاڵاى کوردستان سووتێنرا و خرایە ژێر پێوە و ئەمەش کاردانەوەى توندى کوردان و بەتایبەت لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستانى لێ کەوتەوە.

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندى سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات. هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە."

پەرلەمانى کوردستانیش لەمبارەوە ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ھێزێکی لە یاسایاخی پەلاماری بارەگای لقی ٥ ی پ.د. ک یان دا کە خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانیە لە پەرلەمانی کوردستان و لە کاتی ئەو پەلامارەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستان سوتێنرا. وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارە و سوتاندنی ئاڵای کوردستان کە سومبولی گەلی کوردستانەو لە سایەیدا رۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین بە دواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لە ھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوە ژیانە بکەن".

یەکگرتووى ئیسلامى لە ڕاگەینێنراوى خۆیدا بڵاوى کردەوە "سوتاندنی  ئاڵای کوردستان و، بارەگای پارتە سیاسییەکان، لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق؛ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دیاردەیەکی ناشارستانییە و، دژە بە پرنسیپەکانی دیموکراسیەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و  سیاسی، هاوکات  سوتاندنی ئاڵای هەرێمێکی دەستووری؛ کە هێمای گەلێکی پڕ قوربانییە، بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی دیکتاتۆریەت و، بونیاتنانی عێراقێکی پێشکەوتووی دیموکراسی. مایەی نیگەرانی قووڵ و، بریندار کردنی هەستی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە".

مەسعود بارزانى بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە و کە تیایدا هاتووە "هەواڵی پەلاماردانی بارەگای لقی ٥ـی پارتی لەلایەن تاقمێکی گێرەشێوێنمان پێ گەیشت، کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە نایاساییەدا سووکایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئاڵای پارتی کردووە. بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەکەین و لێرەدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک لە پێگەی کورد و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان کەم ناکەنەوە، بەڵام بەڕوونی دواکەوتوویی و بێ فەرهەنگی و عەقڵیەتی ئەو تاقمە شەڕانگێزە بۆ هەموو لایەک دەردەخات".

قوباد تاڵەبانى یەکێک لە سەرکردەکانى یەکێتى نیشتمانى نووسیویەتى: "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆ سەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق. بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستوور و سیمای فرەجۆری عێراقە".

نێپیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لەمبارەوە گوتى: "سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌. ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین."

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشثمانی کوردستان لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا دەڵێت: "زۆر نیگەرانین لە دەستبردن بۆ ئاڵاى کوردستان کە بە خوێنى هەزاران رۆڵەى قارەمان پارێزراوە، ئەم ئاڵایە سێمبولى پێکەوە ژیان و ئاشتى و ئاوەدانییە. لە پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتیدا هەروەها هاتووە: "هەر گرووپ و تاقمێک ئەگەر نیگەرانن لە کەسێک یان پارتێک رێگە پێدراو نین دەست بۆ پیرۆزییەکانى نەتەوەکەمان بەرن ئاڵاى کوردستان هێڵى سوورە".

لە بەرامبەریشدا هەموو لایەنەکان داوا دەکەن کە "پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر."