Ana içeriğe atla

ئانگێلا مێترکێل: ئەوروپا دەبێ بیر لە جیهانێک بە بێ ڕێبەری ئەمریکا بکاتەوە

ئانگێلا مێترکێل: ئەوروپا دەبێ بیر لە جیهانێک بە بێ ڕێبەری ئەمریکا بکاتەوە
posted onJune 27, 2020
noyorum

سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، ئانگێلا مێرکێل ڕۆژی هەینی هۆشداری بە وڵاتانی ئەوروپاییدا بە شێوەی جدی بیر لەو ڕاستیە نوێیە بکەنەوە کە جیهان لەگەڵی بەرەوڕوویە  و ئەویش ئەوەیە ئەگەری زۆرە ئەمریکا چیدیکە نەیهەوێ ڕێبەری جیهان بمێنێت.

مێرکێل لە وتووێژ لەگەڵ شەش ڕۆژنامەی ئەوروپایی بەتایبەت لۆمۆندی فەرانسە و گاڕدیەنی بڕیتانیا جەختی لەوە کردەوە" چیتر ناکرێ ئەوە پشت ڕاست بکرێتەوە کە ئەمریکا خوازیاری ڕێبەری جیهانە و بە سرنجدان بەو ڕاستیە ، پێویستە وڵاتان بژاردە یەکەمە سیاسیەکانیان بگۆڕن.

لە درێژەی قسەکانیدا مێرکێل گووتی: ئێمە بەو باوەڕە گەورە بووین کە ئەمریکا دەیهەوێ هێزێکی جیهانی بێت، بەڵام ئێستا ئەگەری هەیە ئەو وڵاتە بڕیار بدات چیدیە ئەو ڕۆڵە نەگیڕێت. هەر بۆیە پێویستە ئەوروپا بیر لە جیهانێکی بێ ڕێبەری ئەمریکا بکاتەوە.

مێرکێل کە بۆخۆی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دیواری بێرلین گەورە بووە، لە کاتێکدا ئەو قسانەی کرد کە لە ڕابردوودا چەندین جار کاریگەری جیهانی چالاکیەکانی ئەمریکای لەسەر بەتایبەت ڕووخانی دیواری بێرلین ڕێز لێنابوو.

پێدەچێت ، گوشارەکانی دۆنالد ترامپ بۆ زیادکردنی پشکی ئالمان لە دابینکردنی بودجەی سەربازی ناتۆ و هەروەها بڕیاری ئەو وڵاتە بۆ بردنە دەری ٩٥٠٠ سەربازی ئەمریکایی لە بنکە سەربازیەکانی لە ئالمان لەسەر ئەو هەڵوێستەی مێرکێل بێکاریگەری نەبووە.

ئانگێلا مێرکێل لە کاتی وتووێژ لەگەڵ شەش ڕۆژنامە ئەوروپاییەکە جەختی لەوە کردەوە هەبوونی سەربازی ئەمریکا لە ئەوروپای نێوەڕاست زیاتر بە قازانجی خودی ئەمریکایە و گووتی: بە هەبوونی سەربازانی ئەمریکا لە ئاڵمان، جیا لەوەیکە هاوکارە بۆ بەهێزبوونی سیاسەتی بەرگری ئالمان و وڵاتانی دیکە ئەوروپایی ئەندامی ناتۆ، بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاش لەو ناوچەیە دەپارێزێت.

مێرکێل سەبارەت بە باشکردنی پێوەندیەکانی لەگەڵ ڕووسیە گووتی: هۆکاری باش بۆ درێژەی دانوستانەکانمان لەگەڵ ڕووسیە هەیە. کاریگەری ستراتژیکی ڕووسیە لەسەر وڵاتانی وەک سوریە و لیبی و هەروەها وڵاتانی دراوسێی ئێمە لە ئەوروپا بەرچاوە.

مێرکێل پێشتر و لە مانگی سێپتامبردا بە تووندی ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتبوو و گووتبوی: ئەوروپا دەبێ بۆخۆی لەبیری ئەمنیەتی خۆیدابێت. لەبەر ئەوەی ئەمریکا بێهۆ پشتیوانی ئەوان ناکات. وەک ئەوەی کە شەڕی سارد کردی.