Skip to main content

قەتەر دەخوازێت هاوکارى دەوردانەوەى کۆمارى ئیسلامى بێت لە گەمارۆکان

قەتەر دەخوازێت هاوکارى دەوردانەوەى کۆمارى ئیسلامى بێت لە گەمارۆکان
ئەمریکا چاوى لە عێراقە بۆ ئەوەى بە لیستێک ماددە هاوردەکراوەکان دیارى بکرێت بۆ ئەوەى هاوکار نەبێت لە دەورلێدانەوە
posted onNovember 10, 2018
nocomment

 

سەرەڕاى نزیکبوونەوەى عێراق لە بەرەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سزا ئابوورییەکانى بەسەر ئێراندا، بەڵام کۆبوونەوە داخراوەکانى بەغدا باسى پێچەوانەوە لەو سزایانە دەکەن و، دەیانەوێت لە ڕێگەى وڵاتێکى کەنداوە "درێژە بەمامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ تاران بدەن".

 

لە 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان) ى ئەمساڵ سزاکانى واشنتۆن دژى تاران چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە ئەو سزایانەش دووەمى زنجیرە قۆناغی سزاکانى ئەمریکا بوون، دژى کۆماری ئیسلامی لە دواى کشانەوەى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، کە لە نێوان ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکە واژوو کرابوون.

سزا ئابوورییەکانیش چەندین کەرتى بازرگانى و ئابوورى و پیشەسازی لە خۆ گرتبوون، گرنگترینیان ڕاگرتنى مامەڵەکردن بە دۆلار لەگەڵ ئێران، وزە، نەوت و بانکی ناوەندی ئێرانیش کەوتە نێو پاکێجی سزاکان، کە بە کۆى گشتیان نزیکەى ٧٠٠ کۆمپانیاو کەسایەتی و دامەزراوەى ئابوورى و دارایی لە خۆ دەگرت. هەرچەند حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانى پێشووى حکومەتى بەغدا پابەندی وڵاتەکەى نیشان داوە بەجێبەجێکردنى سزاکان، بەڵام پێکهاتەى دیکەى حکومەتەکەى ڕەخنەیان لە هەڵوێستى سەرۆک وەزیرانەکەیان گرت.

حکومەتى ئێستاش کە لە لایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆکایەتى دەکرێت، بە دواى ڕێگەچارەیەکى گونجاو دەگەرێت، بۆ ئەوەى نەکەوێتە ژێر هەڕەشەکانى واشنتۆن و لەهەمان کاتیشدا دراوسێیە ڕۆژهەڵاتییەکەى کە سنوورێکى درێژى لەگەڵدا هەیە توڕە نەکات. بەو هۆیەوەش قەتەر، کە یەکێکە لە وڵاتانى کەنداوی عەرەبی و، پەیوەندییەکى ئاسایی لەگەڵ تاران هەیە، بەم دواییانە پێشنیارێکى خستووەتە بەردەم بەرپرسانى عێراقی لەوەى "سوود لە بانکەکانى وڵاتەکەى وەربگرن، بۆ درێژەدان بە مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی".

ئامانجی ئەو هەنگاوەش "خۆدزینەوەى بەغدایە لەسزا ئابوورییەکانى ئەمریکا دژى ئێران، بەتایبەت لەپرسى مامەڵەى دارایی، کە واشنتۆن ڕێگەی لێگرتووە بە دۆلار ئەنجام بدرێت". لە لایەن خۆیەوە ڕۆژنامەیەکى عەرەبی چاپی لەندەنى بڵاوی کردووەتەوە "ئەو پێشنیارە لە لایەن مەحمەد کوڕی عەبدولرەحمان ئال سانی، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى دەوحە گەینراوەتە دەستى بەرپرسانى بەغدا، کەهەفتەى ڕابردوو چاوی بەچەندین کەسایەتى باڵاى عێراقی کەوتووە".

هەوڵەکانى قەتەر بۆ دروستکردنى بەرەیەکى هاریکارییە بۆ ڕژێمەکەى ئێران کە ڕووبەڕووى سزایەکى تووند بووەتەوە، بە هۆى درێژەدان بەبەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکى بالیستى و دەستێوەردانى لە کاروبارى ناوخۆیی وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

بەشێک لە سیاسییەکانى عێراق پشتگیریان لە پێشنیارەکەى قەتەر کردووە و، بیانووەکەشیان "تاران لەماوەى ڕابردوو لە پاڵ دەوحە  وەستاوە، بەتایبەت کاتێک سعودیەو چەند وڵاتێکى دیکە بایکۆتیان کردووەو، ڕێگەیان لە گەیاندنى خۆراک بۆ ئەو وڵاتە دەکرد". بەشێکى دیکەشیان دژى ئەو بیرۆکەیەن، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆکارێکى سەرەکیی بۆ سەپاندنى سزای ئابوورى هاوشێوەى تاران بەسەر بەغدا".

لەسەر ئاستى ناوخۆییش قەتەر پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ ژمارەیەک میلیشیاى چەکداری عێراقی نزیک لەتاران هەیە، بەتایبەت ئەوانەى لەئازاد کردنى بارمتە قەتەرییەکان کەچەند ساڵێک لەمەوبەر ڕفێنرابوون، هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەیە دەروازەیەکى لاوەکیی بۆ مامەڵە داراییەکانى هەردوو وڵات بدۆزێتەوە، دوور لەچاوی چاودێرى واشنتۆن. لە دواى جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمی سزاکانیش عێراق بۆ ماوەیەکى کاتیی لە پابەند بوون بەسزاکانى بە دوور خراوەتەوە، لەو بارەیەوەش کوشکى سپی ڕوونی کردووەتەوە "بەغدا دەتوانێت بۆ ماوەیەک کارەباو غاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات و، تێچووەکەشى بداتەوە بەتاران"، مەرجەکەشى ئەوە بووە " نابێت بە دۆلارى ئەمەریکی بن".

باڵیۆزخانەى واشنتۆن لەبەغدا لەبارەى سزاکان و لێخۆشبوونى عێراق ئاشکراى دەکات " داوایان لەحکومەتى بەغدا کردووە خشتەیەکى دیاریکراو بۆ هاوردەکردنى وزە لەئێرانەوە پێشکەش بکەن". بۆ ئەو پرسەش ٤٥ ڕۆژ لەبەردەم حکومەتەکەى عەبدولمەهدییە تاوەکو جێگرەوەیەک بۆ هاوردەکردنى غاز لەئێرانەوە بدۆزێتەوە، بەڵام ئێران سوورە لەوەى پێویستە عێراق تێچووى هەناردەکانى بە دۆلاری ئەمەریکى یاخود یۆرۆ پێشکەش بکات، کە ئەمەش دژى سزاکانى واشنتۆنە، ئەو هەنگاوەش واشنتۆنى ناچار کردووە " بەووردى چاودێری جموجۆڵە داراییەکانى و ئاڵوگۆری بازرگانى عێراق و ئێران بکات".

بۆ دەربازبوونیش لەو ئاڵۆزییەى بەغدا تێی کەوتووە بەتایبەت نێوان ڕەزامەندی ئێران و هێورکردنەوەى واشنتۆن، پەنا بۆ جۆرێک لەئاڵوگۆرى بازرگانى ببات، بەرامبەر هاوردە کردنى غازی سروشتى بۆ وێستگەکانى پێداویستییەکانى تاران لە کاڵاى دیکە دابین بکات.