Skip to main content

کابینەی ڕۆ‌حانی دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکانی لێ سەندراوەتەوە

سوپای پاسداران ڕێکخستنەوەی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵات دەگرێتە ئەستۆ
سوپای پاسداران ڕێکخستنەوەی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵات دەگرێتە ئەستۆ
posted onApril 3, 2018
nocomment

‌حکومەتی ئێران بڕیاری داوە کە بە میکانیزمی نوێ دەروازە سنوورییەکانی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە، بە پێی ئەو میکانیزمە نوێیە کۆڵبەران کارتی پیلەوەرییان پێ دەدرێت و دەتوانن بە بڕی دیاریکراو کاڵایەکی دیاریکراو هاوردە بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە نوێیە کاردانەوەی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ کەوتووەتەوە.

 

ڕەسوڵ خزری نوێنەری خەڵکی پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی تووند لەو بڕیارە دەگرێت. خزری دەڵێ مادام کاڵاکان لە ژێر چاودێریدان کەواتە نابێ وەک قاچاخچی سەیری کۆڵبەران بکرێت، هاوکات بە ڕای کۆڵبەران بەو سیستەمە نوێیە توانای ڕکابەریکردنی پیلەوەرە سەرمایەدارەکانیان نییە، جگە لەوەش نوێنەری خەڵکی پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەشێکی بۆ ناوەندی پارێزگاکانە، و بەشی زۆریشی دەگەڕێتەوە بۆ تاران. بە ڕای ئەو، شارو گوندەکانی سەر سنوور هیچ سوودێک لەو دەروازە سنووریانە نابینن.

هاوکات نەژاد جەهانی قایمقامی سەردەشت لە وەڵامی ڕەسوڵ خزریدا ڕایگەیاندووە کە حکومەت لە ڕێگەی پارێزگای ورمێ کارئاسانی بۆ کۆڵبەران دەکات، و بەگوتەی ئەو دەبێ کۆڵبەران بە پێی ڕێنماییە نوێیەکان بجووڵێنەوە. ناکۆکی بەرپرسانی ئێران لەسەر پرسی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە کابینەی حەسەن ڕۆحانی هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر کاروباری دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەکان نییە، و سوپای پاسداران بە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەو سنوورانە بەڕێوە دەبات.

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا تودەی بەپێی سیستەمی نوێی کاری کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەران دەبێ لە کارتی ڕێگەپێدراو وەربگرن، ئەو کارتەش ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسداران بە کۆمەلێک مەرجی قورس بە کۆڵبەران دەدرێت، پێشتر لە دەروازە کۆڵبەرییەکانی هەر سێ پارێزگای سنە، کرماشان و ورمێ زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس ڕۆژانە بە کۆڵ کەلوپەلیان گواستووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا مەرجەکانی سوپای پاسداران بۆ پێدانی کارت هێندە قورسن کە بەشێکی زۆر لەکۆڵبەران مەرجەکان قبووڵ ناکەن، هەربۆیە کۆڵبەران بە ناچاری بەبێ کارت و لەرێگە نافەرمییەکان خەریکی گواستنەوەی کاڵان، ئەوەش مەترسی کوژرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر سنووری زیاتر کردووە.

هاوکات بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا تودەی پرسی کۆڵبەرانی سەر سنوور لە وەزارەتی بازرگانی و پارێزگارەکان ستاندراوەتەوە، و بڕیاری کۆتایی لەسەر چۆنییەتی ڕێکخستنەوەیان لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە دراوە بە سوپای پاسداران و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. هەر بۆیە هەوڵ بۆ مافی گواستنەوەی کاڵا بە چەندین ناوەندی سەر بە سوپای پاسداران دەدرێت، بۆ ئەوەی بەشێک لە پیلەوەر و کۆڵبەرانی دیاریکراو کە سەر بە سوپای پاسدارانن دەست بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا بگرن، لەو ڕێگەیەش هەم چاودێری جموجۆڵەکانی دیوی باشووری کوردستان و هەم دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. کۆڵبەرێکیش کە لای ئاڤا تودەی پارێزراوە، ڕایگەیاند بەشی زۆری کۆڵبەران قبووڵی مەرجەکان ناکەن، هەربۆیە ئەگەر هاتوو بە بێ کارت و لە دەرەوەی ڕێکارە نوێیەکە هەوڵ بۆ گواستنەوەی کاڵا بدەن، وەک قاچاغچی سەیر دەکرێت، و فەرمانی تەقەکردنیشیان بۆ دەرکراوە.