Skip to main content

ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوننەوەى ئێران لە سوریە خۆى بەهێزتر دەکات

ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوننەوەى ئێران لە سوریە خۆى بەهێزتر دەکات
مۆسکۆ: لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆمان کردووە بۆ کشاندنەوەى هێزەکانى لە تەنەف
posted onOctober 27, 2018
nocomment

 

سەربازگەیەکى بچووکى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەوێتە باشوورى سووریا، هیچ لەو سەربازگەیە دیار نییە، تەنها دیواربەندیی و خێوەتگە بە خۆڵی بیابانەکان داپۆشراوەکان دەردەکەوێت.

 

ئەو سەربازگەیە بەگووتەى ڕۆژنامەیەکى ئەمریکا " بەردی بەرەنگارییە دژی دەسەڵات و پاوانخوازییەکانى کۆماری ئیسلامی ئێران لەو وڵاتە".

رۆژنامەى واشنتۆن پۆست لەدوایین ڕاپۆرتى خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە "سەربازگەى تەنەف، بووەتە کەرستەی دەستى کوشکى سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەى تاران". ئاماژەى بەوەش داوە "ئەو سەربازگەیە دەکەوێتە باشوورى سووریا و، پێگەیەکى ستراتیژی لەسەر هێڵى خێرای (ئەوتۆستراد)ـە، کە سووپای سووریا بە دیمەشقى پایتەخت نزیک لە ڕژێمى کۆماری ئیسلامی دەبەستێتەوە، بە تایبەت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا بەڵێنی دابوو، دەسەڵاتى ئەمریکا بگرێتە دەست، دەسەڵاتەکانى ئێران لە لوبنان تا سووریا و یەمەن سنووردار بکات".

سەربازگەکەی واشنتۆن سەدان سەربازی بیانى کە ژمارەیان لە نێوان ٢٠٠  بۆ ٣٠٠ سەربازی زۆربەیان ئەمریکین لەخۆ دەگرێت، لەپاڵ ئەوانەش نوێنەری جەنگاوەرە سوورییەکانیش لەخۆ گرتووە. واشنتۆن پۆست جەختى لەوەش کردووەتەوە "ژەنەراڵ، جۆزێف فۆتیل، فەرماندەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى سوپای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دواى مانگێک لە سەردانەکەى بۆ لوبنان سەردانى ئەو سەربازگەیەى کردووە و، چاوى بەبەرپرسان و فەرمانگەى سەربازگەکە کەوتووە"، گووتیشى "ئەوە پڕۆسەیەکى بنەڕەتییە لەدرێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ نەهێشتنى داعش و دڵنیابوونەوە لەنەگەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانەکە".

فۆتیل لە میانەى گفتوگۆکانى لەگەڵ سەربازەکانى سەربازگەى تەنەف، دووپاتی کردووەتەوە "یەکێک لەسوودەکانى ئەو سەربازگەیە، تەگەرە خستنە بەردەم ئێرانییەکانە لەهاتنە پێشەوەیان و، دەست وەربدەنە نێو کاروبارى ناوخۆیی". لە لایەن خۆیشیەوە بەرپرسێکى واشنتۆن ڕوونی دەکاتەوە " ئیدارەى ترامپ، پابەند بووە بەدرێژکردنەوەى ئەرکى سەربازیی هێزەکانیان لە سووریا بۆ ئەوەى بەتەواوى داعش تێک بشکێنن".

ڕۆژنامەکەى ئەمریکا لەسەر زارى ئەو بەرپرسە دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سووریا دەمێننەوە تا ئەو کاتەى هێزەکانى ئێران لەو وڵاتە دەردەچن"، بەڵام ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزانە دروستکردنى هاوسەنگی هێزەو، گوایە " کارەکانی کوشکی سپی زیاتر دیبلۆماتی دەبێت لەوەى سەربازی بێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ سزا ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانى سەر تاران.

تاوەکو ئێستاش داوا لەپێنتاگۆن نەکراوە هێرش بکاتە سەر ئێران، کە پێشبینى دەکرێت ڕابەرایەتى هێزێکى ١٠ هەزار جەنگاوەرى لەسووریا بکات، جگە لەسەربازە سوورییەکان.

میدیاکانى ڕووسیا لەبارەى ئەو سەربازگەیە بڵاویان کردووەتەوە "چەند ڕۆژێکە گفتوگۆییەکانى نێوان لایەنى مۆسکۆ و واشنتۆن  گەیشتۆتە ئاستە کۆتاییەکان، بۆ ئەوەى ئەمریکا هێزەکانیان لەناوچەى تەنەف لەسێگۆشەى سنوورى عێراق ـ سووریا ـ ئەردەن بکشێنەوە"، بەگووتەى ئەو میدیانەش "دانووستاندنەکانی هەردوو زلهێز لەسەر کشانەوەى ئەو هێزانەیە، کەدەبێـە یەکەم کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە خاکی سووریا"، بەڵام سەردانەکەى فەرماندەى فەرماندەیی هێزەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەبۆچوونى چاودێران "داڕمانێکى ڕوونى ڕێککەوتننامەکانى هەردوو لایەنە".

سەربازگەکەى ئەمریکا ساڵى ڕابردوو لەکاتى دروستکردنی، ڕووبەرووى گەورەترین مەترسیی بوویەوە، کاتێک تەقەى لەژمارەیەک چەکداری نزیک لەرژێمى تاران کرد، کە لەناوچەى قەدەغەکراوى ئەو هێزانە نزیک بووەوە. جگە لەوانەش سوپاى ئەمریکا دوو فرۆکەى بێفرۆکەوانى ئێرانى لەنزیک سەربازگە خستەخوارەوە، کەئەمەش پێکدادانێکى جۆری بوو لەنێوان هەردوو هێز.

پێناچێت هێزەکانى ئەمریکا بەم نزیکانە لە سووریاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنەوە، تا ئەو کاتەی سەرجەم مەرجەکانى پێداویستى دابینکردنى ئاسایش لەناوچەکە بەدی دێت، بەتایبەت لەئەردەن، عێراق، تورکیا و ئیسرائیل.