Skip to main content

ئێران لەسەر نەوت هەڕەشە لە وڵاتان دەکات

ئێران لەسەر نەوت هەڕەشە لە وڵاتان دەکات
چاودێران: ئێران تواناى داخستنى ئەو گەرووەى نییە، چونکە یەکەم زەرەرمەند لەو داخستنەدا ئابوورى وڵاتەکەیەتى
posted onOctober 22, 2018
nocomment

 

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى سەپاندنى قۆناغی دووەمى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامی ئێراندا، وەزارەتى نەوتى حکومەتى تاران هەڕەشە لە بەرهەمهێنەرانى دیکەى بازاڕەکان و ڕێکخراوى ئۆپێک دەکات لە پەکخستنى بەرهەمهێنان و جوڵەى کاروانەکانى نەوت.

 

بازاڕەکانى وزە چاوەڕوانی 5 تشرینى دووەم (سەرماوەز)ى داهاتوو دەکەن، کە ڕۆژى دواى جێبەجێکردنى سزاکانى واشنتۆنە بەسەر کەرتى وزە و نەوتى ئێرانە، بۆ ئەوەى هەنگاوەکانى پاش ئەو بەروارە جێبەجێ بکەن. وەزارەتى نەوتى ئێران لەسەر زارى بێژەن زەنگەنە، وەزیرى نەوتى وڵاتەکەى بڵاوی کردووەتەوە "بەرهەمهێنانى وڵاتەکەى لەبەرهەمهێنانى نەوتى خاو، کەس ناتوانێت  دواى سەپاندنى سزاکانى ئەمەریکا لە سەرماوەز قەرەبووى بکاتەوە". گووتیشى "وەک هەمیشە گووتمانە هیچ جێگرەوەیەک بۆ نەوتى ئێران لەبازاڕەکاندا نییە، بەرهەمهێنانی سعودیەو ڕووسیاش لە بەرزترین ئاستەکانى خۆیانن، وزەى بەرهەمهێنانى زیادەشیان نییە، بۆ ئەوەى قەرەبووى نەوتى تاران بکەن".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئایار (سەرەتاى خاکەلێوە)ی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا تاکلایەنانە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی کشایەوەو، بڕیاریشی دا سزاى نوێ بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێت. سزاکانى کوشکی سپی لە سەرەتاى ئاب (سەرەتاى خەرمانان)ى ڕابردوو چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە و، سەرەتاش کەرتى پیشەسازی، بانکی و دارایی و بازرگانى نێودەوڵەتى گرتەوە.

تاران پێش سەپاندنى سزا ئابوورییەکان ئاستى بەرهەمهێنانى ڕۆژانەى لە نێو رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە سنوورى 2.8 ملیۆن بەرمیل بووە، ئێستاش بە پێی ئامارە فەرمییەکاندا لە سنوورى 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا. ئەوە دەردەخات کڕیارانى نەوتى ئەو وڵاتە ڕووبەڕووى پاشەکشێکردن بووەتەوەو، زۆربەشیان لەترسی سەپاندنى سزا بەسەر وڵاتەکانیان دەستیان لە کڕینى نەوتى ئێران هەڵگرتووە.

واشنتۆن داواى لە هاوپەیمانانى کردووە "هاوردەکردنى نەوت لە کۆماری ئێرانى بە تەواوى رابگرن"، هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتە شەڕانگێزی و مووشەکە بالیستیەکانى ئەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە. هاوکات هانى ڕیاز و مۆسکۆ و بەرهەمهێنەرى دیکەى داوە، بۆ ئەوەى خستنەڕووەکانیان بۆ بازاڕ زیاتر بکەن، تا قەرەبووى پاشەکشێیەکانى تاران بکەنەوەو، نرخەکانیش بەئاستى دابەزین هەنگاو بنێت.

هەرچەندە شانەشینى عەرەبی سعودیە، کە یەکێکە لە نەیارانى رژێمى ئێران و هاوپەیمانى واشنتۆن ئامادەیی نیشان داوە بەرهەمهێنانى بۆ سنوورى١٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکانى جوڵەى کەرتى وزەدا ئێستا بەرهەمهێنانى لە سنوورى ١٠.٧ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

زەنگەنە هۆشداریی ئەوەشی داوە "هەر کاتێک وڵاتەکەى بە هۆى سزاکانى ئەمریکاوە، نەتوانێت نەوتەکەى بفرۆشێت، ئەوا رێگە بەوڵاتانى دیکەى ناوچەکەش نادات، نەوتەکانیان بفرۆشن، بگرە گەرووى هورمزیش لەبەردەم جوڵەى کەشتییەکان دادەخات".

بەڵام چاودێران پێیان وایە "ئێران تواناى داخستنى ئەو گەرووەى نییە، چونکە یەکەم زەرەرمەند لەو داخستنەدا ئابوورى وڵاتەکەیەتى".