Skip to main content

ئێران دەیەوێ پشێوى لە هەڵبژاردنەکانى بەحرەین دروست بکا

ئێران دەیەوێت پەشێوى لەهەڵبژاردنەکانى بەحرەین دروست بکات
هەڵبژاردنى گشتیى پەرلەمان و شارەوانییەکانی بەحرەین، ٢٤ تشرینى دووهەم (سەرماوەز)ى بەڕێوە دەچن
posted onOctober 22, 2018
nocomment

 

دەسەڵاتدارانى بەحرەین ڕایگەیاند "کاندیدانى هەڵبژاردە چاوەڕوانییەکەى تشرینى دووهەم (سەرەتاى سەرماوەز)ى داهاتوو لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، بۆ ئەوەى بەشداریی پڕۆسەکە نەکەن".

 

حکومەتى مەنامە ئاشکراشی کردووە "ئەو هەڕەشانە لەلایەن کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی خەڵک و کاندیدانى هەڵبژاردەکانى داهاتووى وڵات دەکرێت". بە پێی ڕاگەینراوێکى ئاژانسى هەواڵى بەحرەین "فەرمانگەى گشتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و ئاسایشى ئابوورى، وردبینی لەو سکاڵانە کردووە ئاراستەى ژمارەیەک پاڵیۆڕاوی هەڵبژاردنەکان کراوە"، بەبێ ئەوەى ناوونیشانیان بڵاو بکاتەوە.

جەختى لەوەش کردووەتەوە "ئەو هەڕەشانەش لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاراستەیان کراوەو، داواى کشانەوە لە خۆپاڵاوتن و بەشدارییکردن لەهەڵبژاردنەکانیان لێکراوە". بەحرەین لەبەردەم هەڵبژاردنێکى گشتى پەرلەمانى و شارەوانییەکانە کە بڕیارە لە ٢٤ تشرینى دووهەم (سەرماوەز)ى داهاتوو لەو شانەشینە بچووکەى کەنداو بە ڕێوە بچێت.

ئەو فەرمانگەیە گووتیشى "لەدواى گەیشتنى ئەو سکاڵانە دەست بە چاودێری و وردبینى و بەدواداچوون کراوە، بۆ ئەوەى هۆکارى ئەو هەڕەشانە ئاشکرا بکەن و کێ لە پشتییەوەیە". دووپاتی کردووەتەوە "بەدواداچوونەکانیان دەریخستووە، ئەو هەژمارانەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ئێرانەوە بە ڕێوە دەچێت و، ڕێکخستنە سیاسییەکانى دەرەوەى وڵات وەک کۆمەڵەى ویفاقی هەڵوەشاوە لە پشتیەوەن، بۆ ئەوەى سەرلێشوان لە پرۆسەى هەڵبژاردنەکاندا دروست بکەن".

تا ئێستاش بە شێوەیەکى فەرمی نەتاران و نە ئەو کۆمەڵە هەڵوەشایەوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەى زانیارییەکانى مەنامە نەدرکاندووە. چەندین ساڵە بەهۆى سیاسەتى ئەو وڵاتە عەرەبیە بەرامبەر شێعە مەزهەبەکاندا پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی و مەنامە پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئاڵۆز بووە.

لەچوارشەممەى ڕابردووەوە حکومەتى بەحرەین دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانى شارەوانى و پەرلەمانى کردووەتەوە، بەڵام کۆمەڵەى وەیفاقی هەڵوەشاوە کەخۆى بە نوێنەرى شێعە مەزهەبەکاندا دادەنێت، داواى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنەکانى کردووە. پێشبینى دەکرێت، ڕێژەى بەشدارییکردنى خەڵک لەو هەڵبژاردنە ناسەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، هۆکارە سەرەکییەکەش بۆ خراپی ڕەوشى ئابوورى و بژێوى ئەو شانشینە دەگەڕێتەوە.

هەرچەندە شێعەکانى ئەو وڵاتە هیما بەوە دەکەن "پێویستە نوێنەرەکانیان بەشێوەیەکى جددی و گرنگی زیاتر بەکاروباری خەڵک بدەن"، بەبێ ئەوەى خۆیان بەو کۆمەڵەیە ببەستنەوە. پێشبینى ئەوەش کراوە "ڕێژەى بەشدارییکردنى شێعەکان لەو هەڵبژاردنە بەرزبوونەوەیەکى بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش دژى بۆچوونەکەى تارانە کە خۆى بەخاوەنى ڕاستەقینەى ئەو گرووپە تایفییە دەزانێت و، دەیەوێت لە ڕێگەى بایکۆتکردنیان هەڵوێستەکەى خۆى سەر بخات".

لە دواى ٢٠١١ـشەوە، ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە لەکۆمەڵێک پیلانگێری هەرێمایەتى بەتایبەت لەگەڵ ئێران تێوەگڵاوەو، تۆمەتبار کراوە، بەوەى کاریان لەسەر دروستکردنى ناسەقامگیری و پەشێوی کردووە.

ئێران لەدواى ساڵى ١٩٥٧ـەوە، هەوڵی داگیر کردنى بەحرەینى داوە، بەڵام دواى کشانەوەى هێزەکانى بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتى سویس، لەساڵى ١٩٧١ ڕاپرسییەکى گشتى لەو وڵاتە ئەنجام درا و بڕیاری دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بە ناوی بەحرەین دراوە، بەبێ ئەوەى تاران یاخود پەرلەمانى ئەو وڵاتە ناڕەزایی هەبێت.