Skip to main content

برسیەتی و یاخیبوونێکى گەورە بەڕێوەیە

برسیەتی و یاخیبوونێکى گەورە بەڕێوەیە
قوربانی سەرەکیی ئەو برسیەتی و هەڵاوسانە ماڵوێرانییە گەلی ئێرانییە
posted onOctober 20, 2018
nocomment

 

پسپۆڕێکى ئابوورى کۆمارى ئیسلامی ئێران پێشبینى دەکات "ئێران لەچەند هەفتەى داهاتوو، بە شێوەیەکى فراوانتر بەرەنگاری برسیەتى و ناڕەزاییەتییەکێ گەورە بێتەوە".

 

حوسێن ڕاغفەر هۆشداریی لە "ئابوورى هاوڕێیەتى"، لەنێوان کاردیرەکانى حکومەت و دەسترۆیشتووەکانى دەسەڵات دەدات، کەسەرچاوەى سەرهەڵدانى "برسێتى و یاخیبوونی گەلی ئێرانى یە".

ماڵپەرى ئەلف، هەواڵ و زانیارییەکانى ئەو پسپۆڕە ئابوورى بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەى بەوەش داوە "  ەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخەکانى ئاڵوگۆری دراو، برسیەتى بە شێوەیەکى بەرچاو گەشە دەکەن، هاوکات بەقاچاخبردنى سووتەمەنیش لە ڕێگەى تۆڕەکانى مافیاوە هەیە". ڕاغفەر چاوەڕوانی ئەوەشە کە بە هۆى ئەو قەیرانەوە "ملیۆنێک و ١٠٠هەزار هەلی کار تووشى داڕمان ببێتەوەو، بچێتەوە سەر قەبارەى گشتى بێکاری وڵات". گوومانیشى لە ئامارەکانى حکومەت لە پرسى هەڵاوسان هەیە، پێی وایە "تەنها ئەم مانگە ڕێژەى هەڵاوسان گەیشتۆتە سەدا ٥٠، ڕەنگە تا کۆتایی ٢٠١٨بۆ سنوورى سەدا ٨٠تا ٩٠بەرز ببێتەوە".

لەپاڵ ئەو ڕەشبینیەى بەرامبەر ئابوورى کۆمارى ئیسلامی هەیە، ڕەخنەش لەسیستەمی ڕەیعی هەیە، کەحکومەت ئەو جۆرە حاڵەتەى دروستکردووە. ڕاغفەر دەشڵێت " قوربانی سەرەکیی ئەو برسیەتی و هەڵاوسانە ماڵوێرانییە گەلی ئێرانییە، ئەوانەشى لەسەر هاریکارى دەژێن، هیچ شتێک نادۆزنەوە بیخۆن". هۆشداریشى داوەتە حکومەتى تاران بەوەى "ناڕەزاییەکانى داهاتوو، کە ئێستا لە ڕێگایە بۆ سەرهەڵدانەوە، پرسێکى حەتمییەو، بەرەو یاخیبوونێکى گەورە دەچێت".

هۆکارى ئەو یاخیبوونەشى بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە "کرێکارێک مووچەیەکی دەست ناکەوێت کاڵا بنەڕەتییەکانى دابین بکات، ئەمەش باشترین بڵێسەیە بۆ یاخیبوون و ناڕەزایی". پێشبینیەکانى ئەو پسپۆڕە لەکاتێکدایە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانى سەپاندنى قۆناغی دووهەمی سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە ٤ تشرینى دووهەم (سەرەتاى سەرماوەز)ى داهاتوو دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەگووتەى چاودێران بە بەراورد لەگەڵ سزاکانى قۆناغی یەکەم، سزاکانى قۆناغی دووهەم تووندترو بەهێزتر دەبن، کە لە ماوەى چوار دەیەى دەسەڵاتداریەتى تاراندا بە خۆیەوە نەبینیوە، چونکە واشنتۆن سوورە کە ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئێران بگەیەنێتە سفر.

هۆکارى سەرەکیی ئەو سزایانەش بەهۆى پاڵپشتیکردنى ئەو وڵاتەیە لە گرووپە چەکدارەکان و، بەرنامە ئەتۆمیی و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.