Skip to main content

ڕەشەممێ دوایین وادەیە بۆ خۆڕزگارکردنى ئێران لە لیستى ڕەش

ڕەشەممێ دوایین وادەیە بۆ خۆڕزگارکردنى ئێران لە لیستى ڕەش
کۆمارى ئیسلامى بە چەندین پڕۆژەى بۆ شێعەکردنى وڵاتانى عەرەبی، خەریکى سپیکردنەوەى پارەیە!
posted onOctober 20, 2018
nocomment

 

گرووپی کاری دارایی نێودەوڵەتى (فاتف)، ڕایگەیاندووە " تا ڕەشەمێی داهاتوو لەبەردەم ئێراندایە بۆ ئەوەى چاکسازیی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەى پابەند بێت بەرێنماییە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر نا ڕووبەرووى کاردانەوەى تووند دەبێت".

 

ئەو گرووپە نێودەوڵەتییە کە چاودێری پڕۆسەى سپیکردنەوەى پارە لە جیهان دەکات و، بارەگاى سەرەکیی لە پاریسە، دواى کۆبوونەوەى ئەندامانى تووشى بێئومێدی بووە لە تاران، کە نۆ خاڵ لە کۆى ١٠ خاڵی ڕێنماییەکانی جوڵاوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمارى ئیسلامی بەڵێنى گەیشتن بە ئاستە خوازراوەکانی بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە ئەنجام بدات.

ئەو وڵاتە ئیسلامییە کە یەکێکە لەو وڵاتانەى گەورەترین پڕۆسەى سپیکردنەوەى پارەو، پاڵپشتیکردنى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە خۆى لەعێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن دەکات. لە پاڵ ئەوانەش لە ناوخۆى وڵاتەکەى خۆیدا قەیرانێکى ئاڵۆزی دارایی و ئابوورى ڕووبەرووى خەڵکەکەى بووەتەوە و، ئاستى کڕینى کاڵا بنەڕەتییەکانیان بەجۆرێک لاواز بووە، مەترسیی تێکچوونى شیرازەى کۆمەڵگەى لێدەکرێتەوە.

مارشاڵ بیلینجسلی، یاریدەدەرى وەزیرى خەزێنەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى پاڵپشتیکردنى تیرۆر دواى سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەکەى فاتف گووتى "چاوەڕوانین ئێران بە خێرایی بەرامبەر بەڵێنەکانى بجوڵێتەوە، کە ماوەیەکى زۆرە باسى لەوە کرد بگاتە ئاستێکى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە". ڕوونیشی کردەوە " گونجاو لەگەڵ ئەو پرسە، ئومێدەوارن تا ڕەشەمیێ سەرجەم پێوەرەکان جێبەجێ بکرێن، ئەگەریش نەکرا ئەوا لەدواى ئەو بەروارە هەنگاوی دیکە دەگرنە بەر".

لەهەمان کاتدا فاتف باسى لەوە کردووە "بەردەوام دەبێت لە هەڵپەساردنى ڕێکارە دژەکان"، پێشبینى ئەوەشی کردووە "ڕەنگە پرسى سنووردار کردن و بایکۆتکردنى مامەڵەى نێودەوڵەتى دژى تاران بگاتە قۆناغێکى بەرزتر". سیستەمى دارایی ئێران لە نێو سیستەمى سوێف بۆ جوڵەى دارایی نێودەوڵەتى پچڕاوە و، ناتوانێت سوود لەو سیستەمە وەربگرێت، یەکێک لە هۆکارەکان بۆ سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانە بەسەر ئەو ڕژێمە، لەپاڵ ئەوەش تاران سیستەمەکەى لەئاستێکى گونجاو نییە، بۆ ئەوەى بتوانرێت سوودی لێوەر بگیرێت.

تایبەت بەو پرسەش بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئێران خۆشحاڵى وڵاتەکەى نیشان داوە بۆ ئەو درێژکردنەوەیەى فاتف. دووبارەش ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەى "دەیەوێت لە ڕێگەى فاتف وڵاتەکەى سزا بدات و، بیخاتە نێو لیستى ڕەشى سپیکردنەوەى پارە". کۆمارى ئیسلامى جگە لەپاڵپشتیکردنى گرووپە چەکدارەکان و سپیکردنەوەى پارە، چەندین  پارەى بۆ پرۆژەى بەشێعەکردنى وڵاتانى عەرەبی تەرخان کردووە، کە جۆرێکە لەجۆرەکانى سپیکردنەوەى پارە بەناوی بڵاوکردنەوەى مەزهەبی شیعەگەرایی لەنێو موسڵمانان و وڵاتانى عەرەبی.

ئەگەریش هاتوو ئێران، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەرەنگاری ئەو پرۆسەیە نەکات، ئەوا دووبارە دەخرێتەوە نێو لیستى ڕەش و، سەرجەم وەبەرهێنەران و بانکە بیانیەکان ناچار دەبن، مامەڵەکانیان بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ تاران هەڵپەسێرن.

هەرچەندە بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا، لەهەوڵى ئەوەن بەشێک لەکەناڵە داراییەکان لەگەڵ ئێران بەکراوەیی بهێڵنەوە، بەڵام پێناچێت ئەو پرۆسەیە درێژە بکێشێت.