لەگەڵ ئەوەی بە پێی ئامارەکان لە سەرەتای خۆپێشاندانەکان تا ئێستا دەیان کەس لە خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی هێزە چەکدار و بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی بێبەزەییانە شەهید کراون، سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات و دەڵێ بە شێوەیەکی تووندتر ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازی دەبێتەوە.
ناڕەزایەتییەکان بە زیادبوونی بەهای بێنزین کە لە شەوی هەینیەوە و دوای ڕاگەیاندنی زیاد بوونی ٣ بەرابەری نرخی بێنزین دەستیپێکرد ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارەم ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە.
ئەگەرچی بە هۆی ئاستی سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی و پچڕانی هێڵی ئەنتەرنێت، زانیاریەکان پچڕ پچڕ و ناتەواو دێنە دەرێ بەڵام بە پێی سەرچاوە تایبەتیەکانی هەواڵی ئاڤاتودەی و شایەتحاڵان تا ئێستا لە سەرجەم شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان کەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید و بریندار بوون و سەدان کەس دەستبەسەر کراون
کوردستان لە کوشتاری هێزە چەکدارەکانی ئێران پشکی شێری بەر کەوتووە
بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژی شەممە و یەکشەممەدا ٣٤ هاووڵاتی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون و زیاتر لە ٦٠٠ کەس بریندار بوون. جوانڕۆ، مەریوان، بۆکان، سنە و کرماشان ئەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە شەهید و برینداری زۆریان داوە.
لە ماوەی خۆپێشاندانەکان تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٤ شار و شارۆچکە خەڵک لەسەر شەقامەکان بووە.
شار و ژمارەی شەهیدەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ـ جوانڕۆ ١٥ شەهید: ناوی پێنج کەس لە شەهیدەکان بریتین لە: کاوە محەمەدی، حەمزە نەقدی، ئیبراهیم مورادی، عەزیز، موبین عەبدوڵلاهی.
ـ مەریوان: ٨ شەهید، ناوی چوار کەس لە شەهیدەکان عوسمان نادری، مێهران تاک، شاهۆ وەلیدی، بێهروز مەلکی.
ـ کرماشان: ٥ شەهید، محەمەد میرزایی یەکێک لە شەهیدەکانە
ـ بۆکان: ٥ شەهید، ناوی دوو کەس لە شەهیدەکان هیوا، ئیدریس.
ـ سەقز: ١ شەهید ، مینا شێخی
ـ سنە: ١ شەهید . ناوی شەهیدەکە نەزانراوە.
لە شارەکانی دیکەی ئێران دەیان کوژراو و بریندار هەیە و ڕژیم هەوڵی شاردنەوەی دەدا
لە شارەکانی بومهەن، شیراز، سیرجان، شەهریار، خورەمشەهر، ئیسلام شەهر، ملارد، گوڵشەهری کەرەج، کوت عەبدوڵلا، ئابادان، بێهبەهان، ئەهواز و ئیسفەهان زانیاری پشت ڕاست کراوە لە شەهید کردنی خۆپێشاندەران هەیە.
لە کاتێکدا سوپای پاسداران بەو شێوە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە گۆمی خوێن ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی داوەتە دەر وڕایگەیاندووە ئەگەر خۆپێشاندانەکان درێژەیان هەبێ بە تووندی ڕووبەڕوو خەڵک دەبینەوە.