Skip to main content

مانگرتنى سەراسەری ئەمڕۆ لە مێژووى کۆمارى ئیسلامى بێ وێنەیە

مانگرتنى سەراسەری ئەمڕۆ لە مێژووى کۆمارى ئیسلامى بێ وێنەیە
ئێران لە مانگرتنی گشتیدایە
posted onOctober 8, 2018
nocomment

 

ئەوڕۆ ١٦ی ڕەزبەڕ خەڵکی ئێران دژى هەڵکشانى بەهاى دۆلار و گرانى پێویستییەکانی ژیان، مانیان گرت.

 

دوکان و بازاڕەکان داخراون، شەقامەکان چۆڵن، لە شارەکانى کرماشان، ورمێ، سنە، سەقز، مهاباد، مەریوان، میاندواو و بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست کرا بە مانگرتنى سەراسەرى و لە هەندێک لەو شارانەدا هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ناردنی کورتەنامە و بانگکردنی دوکانداران دەیانهەوێ گوشار بۆ سەر خەڵک دروست بکەن بۆ ئەوەی مانگرتن بشکێنن، بەڵام ئیرادەی خەڵک بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتى لەسەر ئەو دۆخە و شکەستی هەمەلایەنەی ئابوری کۆماری ئیسلامی ،جار لەگەڵ جار زۆرتر دەبێت.

تاران ، شیراز، ئیسفەهان، مەشهەد ، یەزد، کەرەج، تەورێز، چابەهار،ڕەشت، ئیرانشار، ئەبهەر، قەزوێن و چەندین شاری دیکەى ئێران خەڵکى بەشداری ئەو مانگرتنە بوون.

یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم مانگرتنە لەگەڵ مانگرتنەکانی دیکە بەشداری تەورێز و میاندواو و خەڵکی ئازەری ئێرانە کە لە مانگرتنەکانی چەند ساڵی پێشودا زۆر بە کەمی بەشداری جوڵە ناڕەزاییەکان دەبوون، تەورێز یەکێک لەو شارانەی ئێرانە کە لە سەد ساڵی ڕابڕدودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە زۆڕ گۆڕانکاری گەورەی وەک شۆڕشی مەشڕوتە و شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا.

لە چەند رۆژی ڕابڕدودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژی ١٦ی خەرماناندا هەڵوێستی جۆراوجۆریان دەربڕیبو.

سەرۆکی ژووری ئەسنافی ئێران لەمەڕ ڕودانی مانگرتن لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریەکان گووتبوی ئیشاللا دوکان و بازاڕەکان داناخرێن و لە لایەکی دیکەش داخوازی خەڵکی گرێدابۆوە بە پڕۆژەکانی دژە شۆڕش و گوتبوی مانگرتن بیری خاریج نشینانە ئەگەر نا خەڵکی ئێران ئەوەیان ناوێت!

گرانى نرخی خۆراک و کەلوپەل، نەمانی پێداویستی ماشێنداران و کەمبوونی داهاتی خەڵک، گەندەڵی دەسەڵاتداران و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی خەڵکی لە هەژاری وەزاڵەهاتووی ئێران لە ڕێگەی پەروەردە و بارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەشێکن لە هۆیەکانی ناڕەزایەتی خەڵک.

مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دووبارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر گرانى بەهاى خۆراک و کەلوپەل خەڵکی ١٠٠ شاری ئێران هاتنە سەر شەقام و لە دوازدە ڕۆژ ناڕەزایەتی خەڵک بە دەیان کەس بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری کوژران و بریندار بوون.

ئەو ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدایە کە لە ١٣ی مانگی خەزەڵوەرەوە گەمارۆ نەوتیەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەو شێوە بەهێزترین کەرتی ئابووری ئێران بە یەکجاری پەکی دەکەوێ کە بە گووتەی پسپۆڕانى ئابوری ئێران بە یەکجاری بەرەو فەلەجبوون و داڕمان دەبات.

تا ئێستا چەندین کۆمپانیای نەوتی چینی، ژاپۆنی و فەڕانسەیی و ئاڵمانی بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەو وڵاتە کشاونەوە.