Skip to main content

دیدەبانى مافى مرۆڤی سوریە: تورکیە کاروانە پزیشکییەکان دەکاتە ئامانج

دیدەبانى مافى مرۆڤی سوریە: تورکیە کاروانە پزیشکییەکان دەکاتە ئامانج
AvaToday caption
posted onOctober 14, 2019
nocomment

دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە لە نوێترین ڕاپۆرتى خۆیدا باسى لەوە کردووە کە فڕۆکە تورکییەکان و هێزە توندئاژۆ ئیسلامییەکانى کە تورکیە پاڵپشتییان لێ دەکات، لە زەوى و ئاسمانەوە بۆمباران و تۆپبارانى ناوچە کوردینشینەکان دەکەن.

 

دیدەبانى مافى مرۆڤى سوریە ئاشکراى کردووە کە سوپاى تورکیە خەڵکى مەدەنى و کاروانە پزیشکییەکان و ناوەندە دەرمانییەکان دەکاتە ئامانج و تۆپباران و بۆمبارانیان دەکات. پاش تێپەڕینى چەند رۆژ لە هێرشى سوپاى تورکیە بۆ ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان کە تورکیە بە "ناوچەى ئارام"ـى ناو دەبات، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوونە وماڵ و حاڵى خۆیان جێ هێشتووە و بە دەیان کەسیش لە خەڵکى مەدەنى گیانیان لەدەست داوە کە ژن و منداڵێکى زۆریان تێدایە.

دوێنێ هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک ڕایانگەیاند کە لەگەڵ سوپاى سوریە (بەشار ئەسەد) ڕێککەوتوون بۆ ئەوەى ئەو سوپایە ببنە جێگرەوەیان و بەرامبەر ئەرتەشى تورکیە بوەستنەوە و هەر ئەوەش بوو کە دونێ سوپاى سوریە دەستى بە جووڵە کردووە بۆ شارەکانى منبج و قامیشلوو و حەسەکە.

ئەم ڕووداوانە پاش ئەوە دێت کە ئەمریکا ڕایگەیاند هێزەکانى خۆیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتى سوریە دەکشێننەوە و ڕۆژى چوارشەممە کات چوارى ئێوارە ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنى "کانى ئاشتى" بۆ نێو خاکى سوریە ڕاگەیاند کە بڕیار وایە ٣٠ کیلۆمەتر بێتە نێو خاکى سوریەوە و ناوچەیەک دروست بکات بە ناوى ناوچەى ئارام و ئاوارە سورییەکان بهێنێتەوە ناوى و خۆى چاودێرى بکات!