Skip to main content

ئەردۆغان: هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باکوورى فورات دەست پێ دەکەینەوە

ئەردۆغان: هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باکوورى فورات دەست پێ دەکەینەوە
AvaToday caption
posted onOctober 5, 2019
nocomment

سەرۆککۆماری تورکیە ڕۆژی شەممە ١٣ ڕەزبەر ڕایگەیاند ئەنجامدانی هێرش بۆ باکوری فورات زۆر نیزیکە و لە ڕێگەی ئاسمانی و ویشکایی دەبێت. بە گووتەی سەرکۆماری تورکیە ڕێوشوێنی پێویست لەوبارەوە گیراوەتە بەر و ئەورۆ یان سبەی ئەنجام دەدرێت.

 

ئەردۆغان گووتی: ئەو ناوچەیەی هێرش دژی ئەنجام دەدەین لە ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریەیە و لە ژێر دەستی هێزەکانی پاراستنی گەل دایە. فەرماندەیی گشتی ئەرتەشی تورکیە ڕۆژێک پێش لە قسەکانی ئەردۆغان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک لە ژمارەی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند: ژەنەراڵ یاشار گولز، فەرماندەی گشتی ئەرتەشی تورکیە لە پێوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارک میلی هاوتای ئەمریکایی خۆی سەبارەت بە ناوچەی ئەمن کە بڕیار وایە لە باکوری سوریە درووست بێت قسەیان کردووە.

ئەردۆغان ڕۆژی نۆی جۆزەردان لە نێو ئاپۆرای ئەو سەربازانەی لە زانستگای سەربازی تورکیە خوێندیان تەواو کردووە گووتی: ئەمریکا لە باکوری فورات پشتیوانی لە تیرۆریستان دەکات و ئەوە بووە بە پرسێکی گرینگ لە نێوان تورکیە و ئەمریکا. ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە ئەگەر لە ماوەی ٢ بۆ ٣ حەوتووی داهاتوو بە ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیە و بە پێی ئەو ڕێوشوێنانەی دیاریمان کردووە ناوچەی ئەمن لە باکوری فورات درووست نەکرێت لایەنەکان بەرپرس دەبن لە ئاسەوارەکانی.

ئەو قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە تورکیە و ئەمریکا دوای ڕێککەوتن سەبارەت بە جەولەی هاوبەش، فڕینی هاوبەشیان لە ڕۆژهەڵات و باکوری فورات هەبووە. هەردوولایەن ڕەزامەندیان دەربڕیوە ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەش دابنێن. سەرەڕای ئەوە تورکیە هەرەشەی کردووە ئەگەر واشنگتۆن بیهەوێ لەو بوارەدا کێشە درووست بکات بۆخۆی بە تەنیا هەنگاو دەنێت.

کارناسانی پرسەکانی سوریە ڕایانگەیاندووە لەسەر قوڵایی ناوچەی ئەمن و هەروەها ئەو هێزانەی کە ناوچەکە دەپارێزن لە نێوان واشنگتۆن و ئانکارا ناکۆکی هەیە.

ئەردۆغان لە قسەکانی ئەمڕۆیدا بە بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا بێنێت گووتی: پرسیاری ئێمە لە هاوپەیمانەکانمان ئەوەیە ئاخۆ ئێوە یەکینەکانی پاراستنی گەل و پەکەکە، کە بۆ شوێنونکێکردنیان ناوی هێزەکانی سوریەی دێموکراتتان لەسەر داناوە بە تیرۆریست دەزانن یاخود نا؟

لە کۆتایی قسەکانیدا گووتویەتی: ئێمە بەو کەسانە دەڵەین کە بە پێکەنینەوە خەریکن کایە بە وشەکان دەکەن و قسەی دیپلۆماتیک دەکەن بۆ ئەوەی ئێمە لە شەڕ لە گەڵ تیرۆریستان دوور بکەنەوە، پێیان دەڵەین کایە تەواو بووە. تا ئێستا ئەمریکا سەبارەت بەو قسانەی ئەردۆغان هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.