Skip to main content

کورد لەسەر پۆستى سەرۆککۆمارى ڕێک ناکەوێت

کورد لەسەر پۆستى سەرۆککۆمارى ڕێک ناکەوێت
یەکێتى نیشتمانى پۆستى سەرۆککۆمارى بە هى خۆى دەزانێت و ئێستا سێ پاڵێوراوى هەیە
ئەحمەد حاجی ڕەشید بۆ ئاڤاتودەى: پاڵێوراوى کۆمەڵی ئیسلامی بۆ سەرۆککۆمار سەلیم شوشکەیی ـیە
posted onSeptember 16, 2018
nocomment

 

لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژى داهاتوو، دەرگاى خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆککۆمار بکرێتەوە کە زۆربەى لایەنە کوردییەکانى نێو پەرلەمان ڕکابەرى دەکەن بۆ سەرخستنى کاندیدەکانیان.

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامى فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گوت "تا ئێستا هیچ لایەنێک بە شێوەیەکى فەرمیی کەسى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار کاندید نەکردووە، پێشتر پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکانى دیکەى کورد لە پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە دەکرد". گووتیشى "ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی سەلیم شوشکەیی ـمان وەک کاندیدی پۆستى سەرۆککۆمار دیاری کردووە"، لە کاتێکدا سەلیم شووشکەیی لە هەرێمى کوردستان تۆمەتى هاندانى لاوانى بۆ نێو داعش لەسەرە.

ئەم ئەندامەى فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە "ئەگەری ئەوە هەیە پارتى لەگەڵ یەکێتى نەگەنە ڕێککەوتنێک چونکە ئەوانیش سێ پاڵیۆڕاویان بۆ ئەو پۆستە هەیە کە بریتین لە هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن و فازڵ میرانی، هەرچەندە لە نێو پارتى فازڵ میرانى چانسى زیاترە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆماری و لە نێو یەکێتیشدا وەک پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵی ئیسلامی باسی لێوە کردووە سێ کەسایەتی بۆ ئەو پۆستە دیارى کراون کە بریتین لە "فوئاد مەعسوم، لەتیف ڕەشید و مەحمەد سابیر".

ئەحمەد حاجی ڕەشید تایبەت بە ئاڤاتودەى لەسەر پرسى کورسى سەرۆککۆمارى قسەى کرد

ئەحمەد حاجی ڕەشید تایبەت بە ئاڤاتودەى لەسەر پرسى کورسى سەرۆککۆمارى قسەى کرد

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید دەشڵێت "بڕیارە دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک پاڵیۆڕاوی هاوپەیمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ پۆستى سەرۆککۆمار یدەستنیشان بکرێت"، هەرچەندە پێشتر وەک کاندیدی چوار لایەنى ئۆپۆزسیۆن دیاریی کرابوو. حاجی ڕەشید کە ئێستا دووهەم خوولە لە پەرلەمانى عێراق، نایشارێتەوە "ئەگەر گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە لەسەر ئەو پرسە بگەنە ئەنجامێک، ئەوا کاندیدەکەیان دەکشێننەوە".

لەماوەى ڕابردوو دەنگۆى ئەوە بڵاو کرایەوە "یەکێتى و بەرهەم ساڵح لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، هاوپەیمانى بەشداریی هەڵبژاردنەکانى هەرێم نەکات و لە بەرامبەردا پۆستى سەرۆکایەتى کۆمارى بدرێتێ"، بەڵام بەخێرایی ئەو هەواڵە بە درۆ خرایەوە و باسەکەیان گۆڕی بۆ رێککەوتنێکى سیاسی نێوان هاوپەیمانى و یەکێتى.

بەپێی دەستوورى عێراق، سەرۆککۆمار مافی دەستنیشانکردنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى هەیە بۆ ئەوەى حکومەتى نوێ پێکبهێنێت و متمانەى پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت. دەسەڵاتى هەڵوەشانەوە و  سڕکردنى حکومەتیشى هەیە، بەو مەرجەی بتوانێت ڕێژەى نیوە کۆ یەکى متمانەى پەرلەمانتاران مسۆگەر بکات، بەڵام دوورخستنەوەى سەرۆککۆمار لە دەسەڵاتى پەرلەماندایە، بەو مەرجەى دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر بدەن.