Skip to main content

ئەمریکا بۆ تورکیە: ناهێڵین یەکلایەنە کەس بچێتە ناو سوریە

ئەمریکا بۆ تورکیە: ناهێڵین یەکلایەنە کەس بچێتە ناو سوریە
AvaToday caption
posted onAugust 6, 2019
nocomment

مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری ئەمریکا هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سەربازی تورکیەی بۆ ناو خاکی سوریە و ڕۆژئاوای کوردستان، بە قەبوڵنەکراو وەسف کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز ئێسپێر لە درێژەی سەفەرەکەی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، سەردانی ژاپۆنی کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بە ڕوونی باوەڕمان بەوە هەیە هەر جۆرە جوڵەیەکی یەک لایەنەی تورکیە قەبوڵ ناکرێت. سەبارەت بە چوونی دووبارەی هێزەکانی تورکیە بۆ خاکی سوریە، وەزیری بەرگری ئەمریکا گووتی: ئێمە ڕێگری دەکەین لە هاتنی ئەو هێزانە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە  رۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد ئەو وڵاتە بە تەمایە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات. تورکیە پێشتر دوو چالاکی گەورەی لەناو خاکی سوریە دژی هێزەکانی سوریەی دێموکرات ئەنجام داوە کە بەشی سەرەکیان پێکهاتووە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل. تورکیە یەکینەکانی پاراستنی گەل بە گرێدراوی پەکەکە دەزانێ و بە گرووپێکی تیرۆریستی ناویان دەبات.

سەرەڕای پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا لە هێزەکانی سوریەی دێموکراتیک لە ساڵانی ڕابردوودا، شێوازی هۆشداری واشنگتۆن بۆ تورکیە سەبارەت بە ئەگەری هێرش بۆ سەر هێزە کوردییەکان کەم وێنەیە. کێشە لەسەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی لە لایەن تورکیە بووە بە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

چەند کاتژمێر پێش لە هۆشداری ئێسپێر بە ئانکارا، وەزیری دەرەوەی تورکیە داوای لە ئەمریکا کردبوو کۆتایی بێنێت بە پشتیوانی لە کوردەکانی سوریە. ئەوە لەکاتیکدایە ڕۆژی دووشەممە وەفدێکی پلەبەرزی پێنتاگۆن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئانکارا لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە زۆربەیان لە ڕووی سیاسی سەر بە حیزبی یەکیەتی دێموکراتیکن لە سەردەمی دەستپێبوونی شۆڕشی خەڵکی سوریە دژی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ٢٠١١ بە کردەوە کۆنترۆڵی بەشی سەرەکی ناوچە کوردستانییەکانی سوریەیان بە دەستەوە گرتووە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە شەڕ دژی داعش و لە ناوبردنی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە.