Skip to main content

ئێران دەیهەوێت ئیدلب ببێتە گۆمى خوێن

ئێران دەیهەوێت ئیدلب ببێتە گۆمى خوێن
ژمارەى میلیشیا نێزیکەکان لە ئێران زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەبێت
تورکیا و ئێران و عێراق و سوریە و ڕوسیە و ئەمریکا لە شەڕەکەوە دەگلێن
posted onSeptember 11, 2018
nocomment


لەگەڵ نزیکبوونەوەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئیدلب لە وڵاتى سووریا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکەن "میلیشیاکانى ئێران و حیزبوڵا، گەیشتوونەتە هێڵى پێشەوەى ئەو پارێزگایە و، ئامادەسازی دەکەن تا بە هەماهەنگی سوپاى ڕێژێمى دیمەشق بەشداریی ئۆپەراسیۆنى زەمینى بکەن".

 

ئیدلب کە دەکەوێتە باکوورى ڕۆژئاواى دیمەشقی پایتەخت، یەکێکە لەو پێگە کەمانەى دەستى ئۆپۆزسیۆنى دەسەڵاتەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا، هەریەک لە ڕووسیا و ئێران لە ڕێگەى فڕۆکە جەنگییەکانەوە خەریکی بۆمباران کردنی ئەو شارەن، بۆ ئەوەى دووبارە بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتى دیمەشق.

پێشبینى دەکرێت لەپاش ئەو هێرشە ئاسمانییە، هێزە زەمینیەکانى سوپاى سووریاو، میلیشیاکانى ئێران و حیزبوڵای لوبنانى و چەند گرووپێکى میلیشیاکانى عێراق نزیک لە تارانیش بەشداریی ئۆپەراسیۆنێکى جۆری لەو شارە بکەن و، بەخێرایی کۆتایی بەجەنگەکە بهێنن.

بە هەڵگیرسانى شەڕ لەو شارە، ئەگەرى هەیە خوێنێکى زۆر بڕژێت

بە هەڵگیرسانى شەڕ لەو شارە، ئەگەرى هەیە خوێنێکى زۆر بڕژێت

 

لەهەمان کاتیشدا ستیڤان دی میستۆرا، نێردەى نێودەوڵەتى بۆ قەیرانەکانى سووریا دوێنێ لەگەڵ وڵاتانى لووتکەى ئەستانە کە بریتی بوون لە مۆسکۆ، ئەنکەراو تاران بە بێ ئامادەبوونى نوێنەرانى ڕژێمى دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لە ژنێف کۆبووەوە بۆ داڕشتنى پێکهێنانى لێژینەیەکی دەستووری بۆ دیمەشق.

جموجۆڵەکانى ئیدلب مەترسییەکى گەورەى بۆ دانیشتووانى ئەو شارە دروست کردووە، کە نزیکەى سێ ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت و، تا 9ى ئەیلوولیش 30 هەزار و 542 کەس لەو شارە بەرەو ناوچەکانى دیکە هەڵاتوون. درێژەدانى بۆمبارانکردنى شارەکە تورکیاى ناچار کردووە "بەرامبەر بێدەنگى ئەوروپا هەڕەشەى کردنەوەى سنوورەکانى بەرووی ئەوروپا کردووە". ئەنکەرا ڕاشی گەیاندووە "ڕێگەدان بە بەردەوامیی بۆمبارانکردنى ئیدلب، سەرووى یەک ملیۆن پەنابەر لە سنوورەکانى کۆ دەکاتەوە، ئەمەش مەترسییەکى گەورەیە بۆ تورکیا و ئەوروپا".

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەبارەى گرووپە چەکدارەکانى ئێران و حیزبوڵا بۆ نزیک شاری ئیدلب ئاشکراى دەکات "هێزێکى زۆر لە دیمەشق و زەبەدانى بۆ دۆڵى غاب و چیاى لازقیە بەرەو ئیدلب جووڵە پێکراوە". بە دووریشى زانی "ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکە درێژە بکێشێت"، بە گووتەى خۆى "ئەگەرى ئەوە هەیە پڕۆسەیەکى خێراو جۆرى لەو شارە ئەنجام بدەن".

هێزەکانى ئەو وڵاتانەش لە چوارچێوەى میلیشیاکانى لیوای ئیمام حوسێنەوە لە دیمەشقەوە بە ئاراستەى ئیدلب بەڕێ کەوتوون. بە پێی ڤیدیۆییەکى بڵاوکراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت "دەیان ئۆتۆمبێل چەکدارانى میلیشیاکان بەرەو ئیدلب دەگوازێتەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەى بچنە نێو ئەو شارە".

بە دروستبوونى شەڕ لە ئیدلب بە هەزاران کەس وەیلان و ئاوارە دەبن

بە دروستبوونى شەڕ لە ئیدلب بە هەزاران کەس وەیلان و ئاوارە دەبن

 

ژمارەى ئەو هێزانەش خۆى لە سنوورى 7000 میلیشیاى ئێرانى دەدات، لەسەربازگەکانى جەب ئەحمەرو سەڵنفە و مەسیاف و، دیر شمیل و سەحلەب وچیاى لازقیە جێگیر بوونە. حیزبوڵای لوبنانیش نزیکەى 500 چەکداری لە زەبەندانییەوە بۆ ئەبودالی هاوسنوورى دەوروبەرى حەماه جێگیر کردووە. لە پارێزگاى حەلەبیش لە سنوورى پێنج بۆ حەوت هەزار چەکداری میلیشیاکان جێگیر بوونە بۆ ئەوەى لەهەر چوار دەورى ئیدلب هێرش بۆ سەنتەرى شارەکە بکەن.

لەبارەى پرۆسەى بۆردوومانکردنى ئەو شارە، ئەفسەرێکى پێشووى سوپای سووریا بە میدیاکانى ڕاگەیاندووە "هێرشە ئاسمانییەکان هێڵى بەرەنگارییەکانى کردۆتە ئامانج، بۆ ئەوەى پەیوەندیی دابینکردنى ئۆپۆزسیۆن لە نێوانیان بپچڕێنێت و، شارەکە لەگەڵ جیهانى دەوروبەرى بە تەواوى داتاشێت".

ئێران لە دواى 2012 بەشێوەیەکى چڕی بەشداریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا دەکات، بە پێی ئامارە فەرمییەکانیش سەرووى 2000 کوژراوى لەو شارە بەجێماوە، کە زۆربەیان لە نێو سوپاى پاسداران و میلیشیا ئەفغانی و پاکستانییەکانى نزیک لە خۆیەتی، جگە لەچەندین فەرماندەى باڵاى سوپاى پاسداران لەپرۆسەکە کوژراون.