Skip to main content

داعش لە ئەفغانستان سەری هەڵداوەتەوە

داعش لە ئەفغانستان سەری هەڵداوەتەوە
AvaToday caption
posted onJune 13, 2019
nocomment

 

ئەو هەڵسەنگاندنانەی تا ئێستا کراون باسیان لە لاوازبوونی داعش لە ئەفغانستان دەکرد، ئێستا ویلایەتی نەنگهاری ئەفغانستان بووە بە سەرزەمینێکی نوێ بۆ درووستبوونی بەرەیەکی مەترسیدار دژی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمنیەتی جیهان.

 

برەند موش برۆفێسکا، هەواڵنێری سیاسی کاناڵی هەواڵی ئاڵمان "تاگس شاو" ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆڕتیێکدا بڵاوی کردەوە ویلایەتی نەنگەهار لە لایەن داعش بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و ئاماژەشی بەوە کردووە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ چالاکییەکانی ئەو گرووپە پەرە دەستێنێت.

هەزاران هاووڵاتى ئەفغانی بە هۆی ترس لە توندوتیژیی تیرۆریستییە ئیسلامگەرەکانی داعش، ماڵ و موڵکی خۆیان جێ هێشتووە. کەسێکی ئەفغانی بە ناوی فەرمانوڵا شێرزاد توانیویەتی گیانی خۆی و بنەماڵەکەی ڕزگار بکات و بچێتە شوێنێکی ئەمین و لەو بارەوە بە ئەسۆشیتدپرێسی گووتووە "چەکدارانی داعش زۆر مەترسیدارن". شێرزاد لە درێژەی قسەکانیدا گووتویەتی "چەکدارانی داعش ژن و کچی خەڵک دەڕفێنن و دەستدرێژییان دەکەنە سەر".

 

ئەندامگیرى داعش لە ئەفغانستان

ئەفغان

لە ساڵی ٢٠١٤ بەولاوە داعش چالاکییەکانی خۆی لە ئەفغانستان دەست پێ کرد. لە سەرەتادا داعش گرووپێکی بچووک بوو کە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەبوبەکر بەغدادی ڕاگەیاندبوو.

ئەو هێزەی داعش بریتی بوون لە هێزەکانی تاڵیبان کە بە ناچاری سەنگەرەکانی خۆیان جێ هێشتبوو و پەنایان بردبووە بەر ئەفغانستان. لە لایەکی دیکە گرووپێک لەو کەسە ناڕازییانەی تاڵیبانی ئەفغانستان بوون کە چووبوونە نێو داعشەوە. بە گشتی ئەو کەسانەی کە جیهانبینییەکی تووندوتیژ و بەرتەسکى ئیسلامییان هەبوو خۆیان زیاتر لە داعشەوە نزیکتر دەبینى.

ئەو گرووپە بچووکە لە ماوەیەکی کەمدا بووە گروپێکی چەندین هەزار کەسى و کۆمەڵێک چەکداری دیکەش لە وڵاتانی هیند و بەنگلادشەوە خزانە نێوى و گەورەتر بوونەوە.

 

پێگەی داعش لە ئەفغانستان

ئەفغان داعش

ناوچە کوێستانییەکانی باکووری ئەفغانستان بە مۆڵگەى سەرەکی مانەوە و مەشق و ڕاهێنانى هێزەکانی داعش دادەنرێن و ویلایەتی نەنگرهار لە ڕۆژهەڵاتی کابول بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی داعشدایە.

ئەجمەل عومەری ئەندامی ئەنجومەنی ویلایەتی جەلالئاباد باوەڕی وایە بێدەنگبوونی داعش ناکرێ وەک نەمان و شکەستی ئەو گرووپە لەقەڵەم بدرێت و پێی وایە ئەم گرووپە سەرقاڵی خۆڕێکخستننەوەن بۆ ئەوەی پێگەیان لە ئەفغانستان زیاتر و بەهێزتر بکەن.

یەکێک لە فەرماندەکانى هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە هەواڵدەری ئاسۆشیتدپرێسی گووتوە "هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر کابول مەشق و ڕاهێنانە بۆ ئەوەی هێرشی گەورەتر دژی ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجام بدەن".