Skip to main content

ئاستى کڕینى نەوتى ئێران لە کەمى داوە

کڕیارانى نەوتى ئێران نەوتى کەمتر هاوردە دەکەن
هەندێک لە وڵاتەکان دژى گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا وەستاونەتەوە١
ئەو وڵاتانەى زۆرترین نەوتى ئێران دەکڕن ترسیان لە ئەمریکا هەیە
posted onAugust 18, 2018
nocomment


 

سەرکردە سیاسییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ڕازیکردنى هاوپەیمانەکانیان دژ بە ئێران، ململانێ لەگەڵ کات دەکەن بۆ ئەوەى ئاستى کڕینى نەوتى ئێران بۆ 4 تشرینى دووهەم (گەلاوێژ)ـى داهاتوو بگەیێننە ئاستى سفر. بەڵام ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوەکان تووشى کۆمەڵێک رێگری بووەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ هیندستان و چین، کە داواى لێخۆشبوون یا خود مەرجی تایبەت دەکەن.

 

زانیارییە ئەورووپیەکان ئاماژەیان بەوە داوە "ئێران لە ساڵى 2017 نزیکەى 50 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، زۆربەشی لە ڕێگەى نەوتەوە بووە، چونکە هەناردەکردنى غازی ئەو وڵاتە کەمی  کردووە، بە شێوەیەک کە لە ساڵى رابردوو سنوورى دە ملیار مەتر سێجاى تێنەپەراندووە". بە پێى ئامارە بڵاوکراوەکانى ئەوروپا، ئێستا ئێران ڕۆژانە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات کە ٢٠%ى بۆ یەکێتى ئەوروپا سو ٧٠%ەکەى دیکەى بۆ چۆن و وڵاتانى دیکەى ئاسیایە.

 

گرنگترن کڕیارانى نەوتى ئێران و هەڵوێستەکانیان بەرامبەر گەمارۆخستنە سەر ئەو وزەیە بریتین لە:

 

* چین:

پەکین بە گەورە کڕیاری نەوتى ئێران دادەنرێت.  لە شەش مانگی  رابردوودا نزیکەى 675 هەزار بەرمیلی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، هەر ئەمەیشە کە واى کردووە ڕەخنەیەکى توند لە واشنتۆن بگرن دژى سەپاندنی گەمارۆى ئابووری لە سەر تاران.

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە چین

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە چین

 

هەر بۆیە ڕەتی کردەوە " قەبارەى هاوردەکردنى نەوت لە لایەن ئێرانەوە کەم بکاتەوە"، لەمانگی جۆزەردانى ڕابردووش بەهاى کڕینى نەوتەکەى بە دراوى یووان پێشکەش بە حکومەتى ئێران کرد.

لەلایەکی دیکەوە چین سوودێکى گەورەی لە گەمارۆ ئابوورییەکانى واشنتۆن بینیوە، بەوەى کە کۆمپانیاى تۆتالی فەڕەنسى پشکى غاز ى ئێرانى هەیە و بە کشانەوەى ئەم کۆمپانیا فەڕەنسییە، ئاستى پشکى پەکین بەرزتر بووەتەوە کە لە رێگەى کۆمپانیاى نیشتیمانى نەوتى چینى (CNBC) ـەوە دەکڕدێت.

 

* هیندستان:

دواى چین، نیودلهی بە دووهەم گەورە کڕیارى نەوتى ئێران دادەنرێت، بە جۆرێک لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا نزیکەى 597 هەزار بەرمیلی نەوتى هاوردە کردووە.

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە هیندستان

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە هیندستان

 

ئاژانسى هەواڵى ئابوورى بلوومبێرگ لە سەرچاوەکانى هیندستان بڵاوی کردووەتەوە "پێدەچێت حکومەتى نیودلهی، بە ئاستی ٥٠% هاوردەکردنى نەوتى ئێران کەم بکاتەوە، بە مەرجێک چاوپۆشى لە سزاکانى ئەمەریکا بکرێت". بلوومبێرگ گووتیشى "بەرپرسانى هیندستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا لەبارەى هاوردەکردنى نەوتى ئێران گفتوگۆیان کردووەو، ڕوونیان کردووەتەوە کە زەحمەتە نەوتى ئێران نەکڕن".

چاوەڕوانیش دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو ئەمەریکا لە رێگەى شاندێکى باڵاوە وەڵامی کۆتایی نیودلهی بداتەوە. لەلایەن خۆیشیەوە سانجییف سینگ، سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێری کۆمپانیاى نەوتى هیندستان بڵاوی کردەوە "کۆمپانیاکانى وڵاتەکەیان بە تەنیا بڕیاری کەمکردنەوە یا ڕاگرتنى هاوردەکردنى نەوت نادەن، بەڵکو ئەمە بە بڕیارێکى بە کۆمەڵ دەبێت".

هەریەک لە کۆمپانیاى نەوتی هیندستان، کە بە گەورەترین کۆمپانیاى پاڵاوتنى ئەو وڵاتە دادەنرێت، لەگەڵ کۆمپانیاى بهارات بۆ پترۆڵ، درێژەیان بە هاوردەکردنى نەوتى ئێران داوە، بەڵام لە مانگى ئاب (خەرمانان)، بە شێوەیەکى بەرچاو رێژەکەیان کەم کردووەتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە کۆمپانیاى بهارات لە مانگی داهاتوو هیچ بڕە نەوتێک هاوردە نەکات.

 

* یەکێتى ئەورۆپا:

یەکێتى ئەورۆپا بە سێیەم لایەنى کڕیارى نەوتى ئێران دادەنرێت، لە شەش مانگی رابردوو، نزیکەى 516 هەزار بەرمیلی هاوردە کردووە.

 

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە یەکێتى ئەوروپا

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە ئەوروپا

ماوەیەک پێش ئێستا فیدریکا مۆگرینی، وەزیری دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند یەکێتییەکەیان لە هەوڵى دۆزینەوەى ڕێگاچارەیەکە بۆ بانکەکان و بازرگانەکان تا وەبەرهێنان و ئاڵوگۆری بازرگانیى فەرمى لەگەڵ ئێران بهێڵنەوە. لە مانگی ڕابردووشدا وەزیرانى ئەو یەکیەتییە داوایەکی واشنتۆنیان لەبارەى گۆشەگیر کردنى ئابوورى ئێران ڕەت کردەوەو، دانیان بەوەشدا ناوە "ئالیەتى پاراستنى کۆمپانیا ئەورووپییەکان لەو وڵاتە لە سزاکانى پەسەند کراوە".

مۆگرینی لە کۆتایی کۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوەى لە برۆکسل گووتیشى "نوێترین سیستەمی رێگری پەسەند کراوە و، سەرجەم رێکارەکانیش بۆ سوودی ئابوورى ئێران لە هەڵگرتنەوەى سزاکانی سەری پەیڕەو دەکەن". ئەمەش لە کاتێکدایە یاساى رێگری ئەورووپی لە شەشی ئاب (گەلاوێژ)، چووەتە وارى جێبەجیکردنەوە، کە هەمان ڕێکەوتى سەپاندی  سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە بەسەر تاران.

لەلایەن خۆیشیەوە ژان ئیف لۆدریان، وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا سوورە لەوەى "پانتاییەک بە ئێران بدرێت، تا بتوانێت نەوتەکەى بفرۆشێت"... "یەکێتى ئەورۆپا لەگەڵ چین و رووسیا پاش رێککەوتننامەکەى 2015 بە دواى رێگەچارەیەکى دارایی گونجاو دەگەڕێن تا تاران تواناى فرۆشتنى نەوتەکەى هەبێت".

ئەگەری ئەوەش هەیە ئێران لە بری دۆلار، نەوتەکەى بە دراوی یۆرۆ بفرۆشێت و مامەڵەى داراییش لە نێوان بانکە ناوەندییەکانى ئەوروپا و بانکى ناوەندی ئێران بەرێوە بچن.

 

* کۆریاى باشوور :

سیئول چوارەم گەورە کڕیاری نەوتی ئێرانە لە بازاڕەکانى ئاسیا بە جۆرێک لە (کانوونى دووهەم بۆ حوزیران)، 286 هەزار بەرمیلی هاوردە کردووە و، کۆمپانیاکانى کۆریاش بە ئاستێکى باڵا ملکەچی بڕیارەکەى ئەمریکایە، بە جۆرێک چەندین کۆمپانیای ئەو وڵاتە هاوردەکردنى نەوتى ئێرانیان لە تەمموزەوە ڕاگرتووە.

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە کۆریاى باشوور

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە کۆریاى باشوور

کۆمپانیاى ئێس کەى کۆریاى باشوور بەنیازە بە دواى سەرچاوەى دیکەى دابینکردنى نەوتى لەدەستچووى ئێرانى بگەرێت بەتایبەتى نەوتى سووکی تاران، لە هەوڵى ئەوەشدایە ڕەزامەندی واشنتۆن بەدەست بهێنێت تا بۆ تشرینى دووهەم درێژە بە پرۆسەی هاوردەکردنەوەکەى بداتەوە.

 

* تورکیا :

تورکیا کە یەکێکە لە دراوسێیەکانى ئێران، لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا 176 هەزار بەرمیلی هاوردە کردووە و، لە سەروبەندی سەپاندنی گەمارۆکانى ئەمریکا وەزیرى دەرەوەى حکومەتى ئەنکەرا دووپاتی کردەوە وڵاتەکەیان بەشێک نابن لە بڕیارەکەى واشنتۆن، بە هیچ شێوەیەکیش ناچنە ژێر بارى بڕیارەکان ئەگەر لە ژێر چەتەرى نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت.

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە تورکیا

وێستگەیەکی دابەشکردنى بەنزین لە تورکیا

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەنکەرا و واشنتۆن ماوەیەکە ئاڵۆزیی کەوتووەتە نێوانیانەوە و، پێشبینى دەکرێت ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لە هاوردەکردنى نەوتى ئێران.