بەرپرسی زانکۆی پزشکی ئیسفەهان ڕایگەیاند، بەهۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ساختە لەم پارێزگایە ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و ۳۷ کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
تاهێرە چەنگیز بەرپرسی زانکۆی پزشکی ئیسفەهان بە خەبەرئانلاینی گوت: ٤۳ کەس بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ساختە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ۳۷ کەسی دیکەشیان لە نەخۆشخانە ڕاگیردراون و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.
کڕین و فرۆشتن و خواردنەوەی مەشرووبات لە ئێراندا قەدەغەیە و بە تاوان هەژماردێت. بەم بۆنەوە خەڵک بەرەو مەشرووباتی دەسکردی نێوخۆیی و یان مەشرووبات قاچاخی دەرەکی ڕادەکشێن، کە ناستاندار و ناپاکبوونی هەندێ لەو مەشرووبە دەسکردانە خەسار لە جەستەی خەڵک ئەدات و هەندێ جاریش مەرگیان بەدوادا دێنێت.
ئەگەرچی لە کۆماری ئیسلامی سزای ئەوکەسانەی کە مەشرووب دەخۆنەوە ٨۰ زەربە قامچی و لەهەندێ جاریش سزای ماڵیشیان هەیە، بەڵام بەپێ ئامارەکان زیاتر لە ۱۰٪ی خەڵکی ئێران مەشرووب دەخۆنەوە و ڕێگرتن لە مەشرووباتی دەرەکی بۆ نێوخۆیش هەر بەردەوامە.